سعوودیە کۆنترۆڵکردنی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕەت دەکاتەوە
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە ڕایگەیاند: هەر هەوڵێکی ئیسرائیل، بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی کەرتی غەززە و ڕاگواستنی دانیشتووانەکەی ڕەت دەکەینەوە.
چوارشەممە 7ـی ئایاری 2025، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە ڕاگەیەندراوێکدا، بە توندی ڕاگەیاندنی کۆنترۆڵکردنی کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیل و ڕاگواستنی دانیشتووانەکەی ڕەت کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کارەی ئیسرائیل دەیەوێت ئەنجامی بدات پێشێلکردنی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە.
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە، دەڵێت: بە توندی دژی هەر هەوڵێک بۆ مەبەستی داگیرکردنی کەرت غەززە دەوەستینەوە، هاوکات جەختی لە پابەندبوونی ئیسرائیل بە یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان کردەوە.
سعوودیە بەپێی بڕیار و یاسا نێودەوڵەتییەکان دەستپێشخەری ئاشتیی عەرەبی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە سنوورەکانی ساڵی 1967 کە قودسی ڕۆژهەڵات پایتەختی وڵاتەکەیە، پشتیوانی خۆی بۆ دۆزی فەڵەستین دووپات کردەوە.
لای خۆیەوە ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕایگەیاند: هەفتەی داهاتوو ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی پلان بۆ داڕێژراو بۆ سەر غەززە دەست پێ دەکەین، ناوەستین تا کەرتی غەززە بە تەواویی کۆنترۆڵ دەکەین.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆپەراسیۆنەکە هەڵدەوەشێنینەوە لە ئەگەری گەیشتنە ڕێککەوتن لەبارەی ئازادکردنی بارمتەکان.
دووشەممە 5ـی ئایاری 2025، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران دا بڕیاری فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دراوە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی تەواوی کەرتی غەززە بکەن.
هەر لەو پلانەی بە دەنگی زۆرینە پەسەند کراوە، ڕاگواستنی دانیشتووانی غەززە بەرەو باشووری کەرتەکە و چڕکردنەوەی هێرشەکان بۆ چەکدارانی حەماس لەخۆ دەگرێت.
بە گوتەی بەرپرسەکە، هەر لەو کۆبوونەوەیەی ئەنجوومەنی وەزیران دا، بنیامین ناتانیاهۆ گوتوویەتی: ئەم پلانە دەبێتە ئامانجێک بۆ ڕزگارکردنی بارمتەکان و تێکشکاندنی تەواوەتی حەماس.
ناتانیاهۆ ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ چەند وڵاتێک گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی پێشوازی لە وەگرتنی دانیشتووانی غەززە بکەن.
