تەقینەوەیەک لە شاری لاهور لە ڕۆژهەڵاتی پاکستان ڕووی دا

کەناڵی جیۆ تیڤی پاکستان بڵاوی کردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی ئایاری 2025، تەقینەوەیەکی بەهێز لە شاری لاهور لە ڕۆژهەڵاتی پاکستان ڕووی دا.
ئەو کەناڵە دەڵێت: تەقینەوەکە دوای ڕۆژێک لە هێرشەکانی هیندستان کە چەندان شوێنی پاکستانیان بۆمباران کرد دێت، ئەمەش نیگەرانیی لەبارەی پەرەسەندنی ململانێی سەربازی نێوان هەردوو دراوسێی چەکداری ئەتۆمی دروست کردووە.
ڕاجات سینگ، وەزیری بەرگریی هیندستان دەڵێت: ئەو ئامانجانەی دەستنیشانمان کرد، بە وردی بەپێی ستراتیجییەکی باش پلان بۆ داڕێژراو لەناوچوون. ئێمە هۆشداریمان دا و دڵنیابووین لەوەی هیچ دانیشتوویەکی مەدەنی بەهیچ شێوەیەک زیانیان پێنەگەیشتبێت.
درەنگانی شەوی سێشەممە، 6ـی ئایاری 2025، سوپای هیندستان ڕایگەیاند "زیاتر لە نۆ پێگەمان لە خاکی پاکستان بۆردومان کردووە، ئۆپەراسیۆنەکە بۆ بە ئامانجکردنی ژێرخانی تیرۆرە."
سوپای پاکستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، هیچ فڕۆکەیەکی هیندستان سنووری نەبەزاندووە و وەڵامی هێرشەکان دەدەینەوە. هەروەها بەهۆی هێرشەکەی هیندستانەوە، هەشت هاووڵاتی مەدەنی کوژران و 35ـی دیکەش بریندار بوون و دووکەسیش بێسەروشوێن بوون.
گرژییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان دوای هێرشەکەی ڕۆژی سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025 هات، کە چەکداران لە پاهالگام، لە کشمیر 26 کەسیان کوشت، کە ئەو ناوچەیە لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوە دەبرێت. بەڵام هیچ لایەنێک بەرپرسیارەتی هێرشەکەی نەخستە ئەستۆی خۆی؛ هەرچەند نیودەلهی، ئیسلامی ئابادی بەوە تۆمەتبار کردووە کە ئەو لە پشت هێرشەکەوەیە، لای خۆیانەوە دەسەڵاتدارانی پاکستانیش ئەو تۆمەتە ڕەت دەکەنەوە.