قەتەر مووچەی سێ مانگی فەرمانبەرانی سووریا بەزیادکردنی 400% دابین دەکات

وەزیری دارایی سووریا ڕایگەیاند، قەتەر هاوکاریی دارایی بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ ماوەی سێ مانگ داوەتە سووریا، کە بۆ هەر مانگێک 29 ملیۆن دۆلارە و ئەگەری درێژکردنەوەشی هەیە. 

پێنجشەممە، 8ـی ئایاری 2025، وەزیری دارایی سووریا، محەمەد یسر بەرنیە، بە ئاژانسی فەرمی وڵاتەکەی 'سانا'ـی ڕاگەیاند، سوپاسی حکوومەتی قەتەر دەکەین بۆ ئەو یارمەتییە داراییەی پێشکەشی کردووین، کە بۆ دابینکردنی مووچەیە و بڕەکەی 29 ملیۆن دۆلارە بۆ هەر مانگێک، گوتیشی، هاوکارییەکە بۆ ماوەی سێ مانگ و بە مەرجی درێژکردنەوە بەردەوام دەبێت.

وەزیری دارایی سووریا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو یارمەتییە مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی تەندروستی، پەروەردە، کاروکاروباری کۆمەڵایەتی و هەروەها خانەنشینانی مەدەنی پێ دەدرێت.

جەختیشی کردەوە، ئەو یارمەتییە ناچێتە چوارچێوەی سزاکانی ئەمەریکا، بۆیە سوپاسی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا دەکەین بۆ وەڵامدانەوەی خێرا بۆ ئاسانکاریکردن لەسەر ئەم بابەتە، هیواداریشین ئەم هەنگاوە، هەنگاوی دیکەی بەدوادا بێت بۆ بەرزکردنەوەی متمانە و کەمکردنەوەی زیاتری سزاکان.

وەزیرەکەی سووریا ڕوونیشی کردەوە، ئەو یارمەتییە لەلایەن بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوە دەبرێت و بەرانبەرە بە  پێنج مووچەی مانگانەی ئێستا." گوتیشی: ئێمە بەردەوامین لە چاکسازی دارایی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی متمانە بە سیستەمی داراییمان.

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەی ئەمەریکاوە بڵاوی کردووەتەوە، کە گوتوویانە، ئێمە دەستپێشخەرییەکەی قەتەرمان پەسەند کرد بۆ دابینکردنی دارایی بۆ کەرتی گشتیی سووریا.

سەرچاوەیەکی دیکەی دارایی سووریا ئەوەی ئاشکرا کردووە، ئەو پارەیە مەرجدارە و تەنیا دەتوانرێت بۆ فەرمانبەرانی حکوومەت لە کەرتی گشتی سووریادا بەکار بهێنرێت، نابێت وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری بگرێتەوە.

سەرچاوە داراییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیارە مانگی داهاتوو دەست بە خەرجکردنی ئەو پارەیە بکرێت، ئەمەش ڕێگە بە زیادکردنی 400%ی مووچەی زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەری حکوومەت دەدات.