دكتۆر شاخەوان خەیلانی: 55 تووشبوو لە نەخۆشخانەی ئیماراتی باری تەندروستیان ناجێگیرە
لە نەخۆشخانەی ئیماراتی شوێن نەماوە بۆ تووشبووانی كۆرۆنا
K24 - ھەولێر
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی تایبەت بە تووشبووانی كۆرۆنا لە ھەولێر ئاشكرای دەكات، ئێستا 55 تووشبووی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكەیان باری تەندروستیان ناجێگیرە و شوێن نەماوە نەخۆش وەربگرن.
دكتۆر شاخەوان خەیلانی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی تایبەت بە تووشبووانی كۆرۆنا لە ھەولێر، بە كوردستان24ی رایگەیاند: "ئێستا 55 كەسی تووشبووی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی ئیماراتی لەژێر چاودێری پزیشكیدان، زۆربەی ئەوانەی ئێستا سەردانی نەخۆشخانە دەكەن، نیشانەی قورسیان ھەیە و پێویستیان بە ئۆكسجین و چاودێری چڕ ھەیە".
جەختیكردەوە: "پێشتر زۆر لە نەخۆشەكان دەھاتن نیشانەیان نەبوو، بەڵام ئێستا نیشانەی قورسیان ھەیە".
دكتۆر شاخەوان خەیلانی، گوتیشی: "ئێستا ناتوانین ھیچ نەخۆشێكی دیكە لە نەخۆشخانەكەمان وەربگرین، بەو ئومێدەی ئەمڕۆ بتوانین ھەندێك لە نەخۆشەكان رەوانەی ماڵەوە بكەینەوە كە مەترسیان لەسەر نەماوە، بۆ ئەوەی بتوانین ژمارەیەك لەو تووشبووانە وەرگرین كە باری تەندروستیان ناجێگیرە".
ھ.م