سوودانی: حکوومەتی ناتانیاهۆ دەیەوێت ناوچەکە پەلکێشی شەڕ بکات

سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی دەڵێت: دەمانەوێت پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا بەشێک بێت لە هاوکێشەکانی سەقامگیریی ناوچەکە.

محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێنجشەممە، 8ـی ئایاری 2025، بە سەردانێکی فەرمی و بە یاوەری شاندێکی وەزیرەکانی حکوومەتەکەی گەیشتنە ئەنقەرە و لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆلوی تورکی هەڵوێستی فەرمی حکوومەتی فیدراڵی لە بارەی دۆخی ناوچەکە ڕاگەیاند و گوتی: هەرچەندە  حکوومەتی ئیسرائیل مەرامی وایە تەواوی ناوچەکە پەلکێشی شەڕ بکات، بەڵام ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا بەشێک بێت لە هاوکێشەی سەقامگیریی ناوچەکە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق گوتیشی: پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بۆ وڵاتانی ناوچەکە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و هەربۆیە ڕێگەی گەشەپێدان یەکێکە لە گرنگترین پڕۆژەکانی ڕۆژهە‌ڵاتی ناوەڕاست.

هەر ئەمڕۆ نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردبووەوە"محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئەنقەرە بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایش و هاوکاریی ستراتیجی عێراق و تورکیا دەکات.

دوای کۆبوونەوەکەی نێوانیان نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک کۆماری تورکیا، باس لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر کراوە.

باس لەوەش کراوە، جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکانی نێوانیان و پەرەپێدانی پەیوەندی هەردوو وڵات تەوەری سەرەکی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک کۆماری تورکیا بووە.

دەربارەی دۆخی سووریا، جەخت لەوەکراوە پێویستە سەقامگیری بۆ سووریا و ناوچەکە بگەڕێندرێتەوە و پاراستنی فرەچەشنی و فرەیی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سوریا بپارێزرێت.

 

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment