ئەمڕۆ بە فەرمی ئەپڵیکەیشنی پسوولەی خۆراک لە هەڵەبجە کاراکرا

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەشت هەزار بریکاری ئارد و خۆراک هەن و بەم زووانەش پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک لە هەولێر کارا دەبێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی ئایاری 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی بریکارەکانی خۆراک ئەمڕۆ بە فەرمی لە هەڵەبجە کاراکرا.

نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی: لەو پارێزگایە زیاتر لە 250 بریکاری خۆراک هەن و زیاتر لە 114 هەزار کەسیش بەشەخۆراکی مانگانە وەردەگرن.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆسەکە ئێستا گەیشتووەتە هەولێر و چەند ڕۆژێک لە قۆناغی تاقیکردنەوە دەبێت و دواتر بە فەرمی کارا دەبێت،  پێویستە سەرجەم بریکارەکان ئەپڵیکەیشنەکە دابەزێنن.

دەربارەی ئەوەی بەشێک لە بریکارەکانی خۆراک خوێندەوارییان نییە، ئەو بەڕێوەبەرە باسی لەوە کرد، دەبێت بریکارەکان ئەندامێکی خێزانەکانییان دابنێن بۆ ڕایکردنی مامەڵەکانی هاووڵاتییان، چونکە پێویستە ئەو کەسانەی ئەم ئەپڵیکەیشنە بەکاردێنن خوێندەواربن.

نەوزاد شێخ کامیل جەختی لەوەکردەوە، بەهۆی پڕۆسەی ئەلیکترۆنی سەرجەم مامەڵەکانی نوێکردنەوە و دەرهێنانی پسولەی خۆراک ڕاگیراون.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەشت هەزار بریکاری ئارد و خۆراک هەن و پێنج ملیۆن و 350هەزار کەس بەشەخۆراکی مانگانە وەردەگرن.

 
Fly Erbil Advertisment