محەممەد باقری: پیشەسازیی سەربازی ئێران پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە

محەممەد باقری، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێت: بە پشتیوانی خوا بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، پێشکەوتنێکی زیاتر و باشترمان لە پیشەسازیی بەرگری و پشتیوانی سەربازی بەدەست هێناوە.

بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ باقری لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەی پیشەسازیی بەرگری ڕایگەیاندووە، ئەو گۆڕانکاریی و پێشکەوتنە فراوانەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە چەک و پێداویستییە سەربازییەکان بەدیهاتووە، بەشێکی زۆریان لە مانۆرە سەربازییەکان بە سەرکەوتوویی تاقیکراونەتەوە و بە دەستکەوتێکی باش هەژمار دەكرێن.

بە گوتەی محەممەد باقری، پیشەسازیی سەربازی ئێران بایەخێکی تایبەت بە تواناکانی بەرپەرچدانەوەی جەنگیی ئەلیکترۆنی دەدات و گوتی: لە تایبەتمەندییەکانی هەواڵگری، پلان و چەکی پێشکەوتوو، تەقەمەنی و چەند بوارێکی دیکە هەنگاوی باش و سەردەمیانە نراوە و بۆ ئەمەش زنجیرییەک گرێبەست لە نێوان ناوەندە پیشەسازییەکانی ئەلیکترۆنی کراوە و چەندین سیستەم بەرهەم هێنراوە کە ئێستا لە سەرتاسەری وڵاتدا خراوەتە خزمەتی بەرگری.

 
Fly Erbil Advertisment