ڕۆژنامه‌یه‌ك: شاندێكی سووری به نهێنیی سه‌ردانی ئیسرائیلی كردووه

ڕۆژنامه‌یه‌كی ئیسرائیلی ئاماژه به‌وه ده‌كات، به‌رپرسانی سووریا له مانگی ڕابردوو سه‌ردانی ئیسرائیلیان كردووه و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته به نهێنی كۆ بوونه‌ته‌وه.
پێنجشه‌ممه، 8ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامه‌ی "هارتس"ـی ئیسرائیلی بڵاوی كرده‌وه، به‌رپرسانی سووریا مانگی ڕابردوو سه‌ردانی ئیسرائیلیان كردووه و كۆبوونه‌وه‌ی نهێنییان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته كردووه.
ڕۆژنامه‌ی هارتس ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، به‌رپرسێكی باڵای وه‌زاره‌تی به‌رگریی سووریا ئه‌ندامی شانده نهێنییه‌كه بووه و چاویشیان به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئیسرائیل كردووه.
ڕۆژنامه‌كه گوتووشیه‌تی، شانده سوورییه‌كه به‌رپرسانی پارێزگای قونه‌یته‌ره‌ی له خۆ گرتبوو و ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك له ئیسرائیل ماونه‌ته‌وه.
ڕۆژنامه ئیسرائیلییه‌كه باسی له‌وه‌ش كردووه، سه‌ردانی ئه‌و شانده نهێنییه‌ی حكوومه‌تی سووریا هاوكات بووه له‌گه‌ڵ سه‌ردانی شاندێگی ڕیشسپییانی پێكهاته‌ی درووزی بۆ ئیسرائیل.
چوارشه‌ممه، 7ـی ئایاری 2025، ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی نوێی كۆماری سووریا ڕایگه‌یاند، له رێگه‌ی نێوه‌ندگیره‌كانه‌وه دانوستانی ناڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌كه‌ن به مه‌به‌ستی هێوركردنه‌وه‌ی گرژی و ئاڵۆزییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سووریا و تێكچوونی ئاسایشیی ناوچه‌كه.
ئه‌حمه‌د شه‌رع، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئیسرائیل له سووریا ڕه‌مه‌كییه و چه‌ند جارێكیش به ڕاشكاوی پێیان ڕاگه‌یاندووه، دیمه‌شق پابه‌ندیی ڕێككه‌وتنی ساڵی 1974ـن بۆ دوورخستنه‌وه‌ی به‌ریه‌ككه‌وتن.
چوارشه‌ممه، 7ـی ئایاری 2025، ئاژانسی "ڕۆیته‌رز" له‌سه‌ر زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك بڵاوی كرده‌وه، ئیمارات كه‌ناڵێكی نهێنیی له نێوان ئیسرائیل و سووریا دامه‌زراندووه و نێوه‌ندگیریی له نێوانیاندا ده‌كات.
ئه‌و سه‌رچاوانه ئاماژه‌یان به‌وه‌ش كردبوو، دانوستانه‌كان له نێوان ته‌لئه‌ڤیڤ و دیمه‌شق ناڕاسته‌وخۆن و تایبه‌تن به پرسه ئه‌منی و هه‌واڵگرییه‌كان و بونیاتنانی متمانه له نێوان هه‌ردوو وڵات كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی فه‌رمییان نییه.