پاپای نوێ هەڵبژێردرا

دووکەڵی سپی لە دووکەڵکێشی ڤاتیکان بەرز بووەیەوە، کە ئاماژەیە بۆ هەڵبژاردنی پاپای نوێ.

ئەمڕۆ 8ـی ئایاری 2025، ئەمڕۆ دوو گەڕی دەنگدانی نهێنی بۆ هەڵبژاردنی پاپای ڤاتیکان بەڕێوە چوو، دوێنێش گەڕی یەکەمی دەنگدان بەڕێوە چوو. 

لە گەڕی دووەمی دەنگدانی ئەمڕۆدا، 135 کاردیناڵ سەرکەوتوو نەبوون لە هەڵبژاردنی پاپای نوێ، بەڵام کەمێک بەر لە ئێستا لە دووکەڵکێشی کڵێسای سیستینە لە ڤاتیکان، دووکەڵی سپی بەرز بووەیەوە، کە ئاماژەیە بۆ هەڵبژاردنی پاپای نوێ لە گەڕی سێیەمی دەنگداندا.

پاپای نوێ، بە دەنگی 2 لەسەر سێی کاردیناڵەکان، بە 267ـەمین پاپای ڤاتیکان هەڵبژێردرا.

بەپێی زانیارییەکان، ژمارەی کاردیناڵەکانی جیهان 252 کەسە و تەنیا 135 کەسیان تەمەنیان لە 80 ساڵ کەمترە و مافی دەنگدانیان هەبوو.

پاپا فرانسیس لە ساڵی 2013ـەوە سەرکردایەتتی کلێسای کاسۆلیکی دەکات، لە 21ـی نیسانی ئەمساڵ لە تەمەنی 89 ساڵیدا بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە کۆچی دوایی کرد.

7ـی ئایاری 2025، هەڵبژاردنی نهێنی بۆ دەستنیشانکردنی 267ـەمین پاپای ڤاتیکان بەڕێوە چوو.

نزیکەی 30 هەزار کەس لە مەیدانی بەناوبانگی سەنت پیتەر لە ڤاتیکان لە چاوەڕوانی هەڵبژاردنی پاپای نوێدا ڕاوەستابوون، بەڵام کاتژمێر 10ـی شەو دووکەڵی ڕەش لە کڵیسای سیستینە بەرز بووەوە، ئەوەش ئاماژە بوو بۆ ئەوەی کە 135 کاردیناڵ نەیانتوانی پاپای نوێ هەڵبژێرن.

بەگوێرەی دابونەریتی ڤاتیکان، کاردیناڵەکان تاوەکوو هەڵبژاردنی پاپای نوێ، دەبێ لە کڵێسای سیستینە بمێننەوە و بەیانیان و ئێواران، بۆ هەڵبژاردنی پاپای نوێ کۆ ببنەوە. لەو ماوەیەدا، پەیوەندییان لەگەڵ دنیای دەرەوەدا دەپچڕێت.

ئەگەر هاتوو لە دووکەڵکێشی کڵیسای سیستینە، دووکەڵی سپی بەرز بووەوە، ئەوە ئاماژەیە بۆ هەڵبژاردنی پاپای نوێ، ئەگەر دووکەڵی ڕەش بەرز بووەوە، مانای وایە کاردیناڵەکان نەیانتوانیووە  پاپای نوێ هەڵبژێرن.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment