ئەردۆغان: پەکەکە بۆ تورکیا و عێراقیش مەترسییە

سەرۆک کۆماری تورکیا، داوای لە عێراق کرد بە زووترین کات هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە دەست پێ بکاتەوە، هاوکات داوای لە وڵاتەکە کرد پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا باشتر بکات. ئەردۆغان جەختیشی لە خێرا تەواوکردنی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان کردەوە.
پێنجشەممە 8ـی ئایاری 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی وەزیرانی عێراق، گوتی: لەگەڵ برای ئازیزم سوودانی باسمان لە دۆخی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوانمان کرد، هەروەها باسمان لە دۆخی سووریا و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کرد.
سەرۆک کۆماری تورکیا، ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ سوودانی 11 یاداشتنی لێکتێگەیشتنمان واژۆ کرد، هەورەها تورکیا و عێراق چەندین دەیە بەیەکەوە کاریان کردووە و هیوادارم هەماهەنگییەکانمان بەردەوام بێت.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، ئاسایشی عێراقیان بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئاسایش وڵاتی تورکیا جیا نەکردووەتەوە. دەشڵێت: هەروەکو چۆن ئاسایش بۆ تورکیا گرنگە، بە هەمان شێوە بۆ عێراقیش گرنگە.

لەبارەی پەکەکەوە، ئەردۆغان ڕایگەیاند: پەکەکە بۆ تورکیا و عێراقیش مەترسییە، هەروەها ڕێکخراوێکی تیرۆستییە نابێت لە عێراق شوێنێ ببێتەوە.
سەرۆک کۆماری تورکیا، باسی لە پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان کرد و گوتی: پرۆژەکە بۆ ناوچەکە گرنگە و تەواویی ناوچەکە دەباتە دۆخێکی نوێ، هەروەها جەختمان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت بە زووترین کات پرۆژەکە تەواو بکرێت.
لەبارەی هەناردەی نەوتیشەوە، ئەردۆغان داواکارە بە زووترین کات هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە دەست پێ بکاتەوە.
ئەردۆغان گوتیشی: لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ سووودانی باسمان لە پرسی وزە، پیشەسازی، و خوێندنی باڵا و چەندین بابەتی دیکە کرد.
سەرەنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، سوودانی هەنگاوی زۆر جیددی ناوە بۆ باشترکردنی دۆخی ئەمنیی عێراق، ئەمەش جێگەی دەستخۆشیە، هەروەها لەگەڵ عێراق بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ باشترکردنی دۆخەکە.
سەبارەت بە دۆخی سووریا و پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتەکە، سەرۆک کۆماری تورکیا، گوتی: داواکارین لە عێراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا باشتر بکات، کە ئەمەش سوودی بۆ ناوچەکە دەبێت.
ئەردۆغان، باسی لە دۆخی تورکمانەکانی عێراق و کرد و گوتی: داواکارین مافەکانیان لە وڵاتەکە پارێزراو بێت، هەروەها ڕێز لە هەوڵەکانی عێراق بەرانبەر بە تورکمانەکان دەگرین.
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆک کۆماری تورکیا، هیوای خواست برایەتیی نێوان گەلی عێراق و تورکیا بەردەوام بێت و زیاتر بەرەو پێش بچێت، هاوکات هیوادارە ڕێککەوتنەکانی نێوانیان لەگەڵ سوودانی ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەردوو وڵات.