هەرێمی کوردستان.. ئەمساڵ 13تووشبووی نوێی تالاسیمیا تۆمار کراون

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی تالاسیمیا لە هەرێمی کوردستان ڕۆژ دوای ڕۆژ ژمارەی تووشبووانی تالاسیمیا زیاد دەکات.
سروە جەباری، سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیا لە هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی ئایاری 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند. ژمارەی تووشبووانی تالاسیمیا ڕۆژ دوای ڕۆژ لە زیادبوونە و هەر ئەمساڵ 13حاڵەتی نوێ تۆمارکراون، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە، تووشبوانی تالاسیما پێویستیان بە دەرمانە و ئەگەر پێداویستی پزیشکی نەبێت ژیانییان دەکەوێتە مەترسییەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی تالاسیمیا لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا 13 تووشبووی نوێی تالاسیمیا لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.
هەر بەگوێرەی ئامارەکانی هەمان کۆمەڵە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ هەزار و 500 تووشبووی تالاسیمیا هەن.
ژمارەیەکی زۆری تووشبووانی تالاسیمیا لە ناوەڕاست و باشووری عێراق لە شارەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر و خوێن وەردەگرن.
ساڵانە لە ڕۆژی جیهانی تالاسیمیا 8ـی ئایار، لە هەرێمی کوردستان چەندین هەڵمەتی خوێن بەخشین لەلایەن هاووڵاتییان و کۆمەڵ و ڕێکخراوەکانی خوێن بەخشانەوە بەڕێوەدەچێت.