سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە پاپا ڕۆبێرت فرانسیس پریڤۆست دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە 267مین پاپای ڤاتیکان، پیرۆزبایی لە پاپا ڕۆبێرت فرانسیس پریڤۆست دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی ئایاری 2025، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پیرۆزبایی لە پاپا ڕۆبێرت فرانسیس پریڤۆست کرد.
لە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، بە ناوی هەرێمی كوردستانەوە، بە گەرمی پیرۆزبایی لە قەداسەتی پاپا لیۆی چواردەیەم دەكەم، بە بۆنەی هەڵبژاردنی بە ڕابەری كاسۆلیكەكانی جیهان. پەیامی ئاشتی، هاوسۆزی و دادپەروەریی قەداسەتی پاپا، ئومێد بەخشە.
هەر لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دروود بۆ میراتی مەزنی قەداسەتی پاپا فرانسیس دەنێرێت و ڕایگەیاندووە، هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە پابەندبوونی بە تەبایی و پێكەوەژیانی ئایینەكان
پاپای نوێ هەڵبژێردرا
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە گەڕی سێیەمی دەنگداندا، پاپای نوێ، بە دەنگی 2 لەسەر سێی کاردیناڵەکان، بە 267ـەمین پاپای ڤاتیکان هەڵبژێردرا.
ڕۆبێرت فرانسیس پریڤۆس، بووە یەکەم پاپای بە ڕەچەڵەک ئەمەریکی و نازناوی لیۆی چواردەیەمە، پاپە نوێیەکە لە ساڵی 1955 شاری شیکاگۆی ویلایەتی ئێلینۆیسی ئەمەریکا لەدایکبووە و تەمەنی 69 ساڵە.