کۆشکی کرێملن بۆ ڕووماڵی ڕێوڕەسمی 'ساڵیادی سەرکەوتن' بانگهێشتی کوردستان24 دەکات

کەناڵی کوردستان24، وەک تاکە مێدیای کوردی، بە فەرمی لەلایەن کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیاوە (کرێملن) بانگهێشت کرا بۆ ڕووماڵی ڕێوڕەسمی 80ـەمین ساڵیادی سەرکەوتن.
کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) بە فەرمی کوردستان24ـی بۆ بەشداریی و ڕووماڵکردنی رێوڕەسمی 80ـەمین ساڵیادی سەرکەوتنی سوپای سووری سۆڤێیەتی پێشوو بەسەر نازیی ئەڵمانیدا لەمیانی جەنگی دووەمی جیهانیدا؛ بانگهێشت کردووە. کە بڕیارە سبەی هەیینی، 9ـی ئایاری 2025، کاتژمێر 10:00ـی بەیانی لە گۆڕەپانی سووری مۆسکۆ بەڕێوە بچێت.
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، بەرپرسانی حکوومی و حزبی وڵاتەکە و 27 سەرۆک وڵات و سەرۆک وەزیرانی وڵاتانی بیانی، لە ڕێوڕەسمەکادا بەشدار دەبن.
لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیاوە لە شوباتی ساڵی 2022، یەکەم جارە ئەو ژمارە زۆرەی سەرۆک و کاربەدەستانی وڵاتانی بیانی لە ڕێورەسمەکەدا ئامادە دەبن.
هەریەک لە سەرۆکەکانی چین، بەرازیل، بێلاڕووس، کازاغستان، قیرغیزستان، تاجیکستان، تورکمانستان، ئوزبەکستان، مەنگۆلیا، ئەبغازیا، ئۆسێتیای باشور، ڤەنزوێلا، میسر، فەڵەستین، سربیا، ڤێتنام، بۆسنە هەرزەگۆڤینیا، بۆرکینۆ فاسۆ، لائۆس، گینیا، ئەسیوپیا، سەرۆک وەزیرانی سلۆڤاکیا و سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا زیاتر لە 130 ئامێری جەنگی کە پێکهاتوون لە سیستەمی مووشەکی گەڕۆک، زرێپۆشی تیگەر، مالڤە تانکی مێژوویی T-34، تایفۆن، تۆرنادۆ و سیستەمی مووشەکی ئەسکەندەر، یارس، هێلی کۆپتەر، فڕۆکەی جەنگی و زرێپۆشی پڕەریف T-90 نمایش دەکرێن.
ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی یادکردنەوەی قوربانییانی جەنگی دووەمی جیهانییە
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژانی 8 و 9ـی ئایاری هەموو ساڵێکی وەکو ڕۆژی جیهانیی یادکردنەوەی قوربانییانی جەنگی جیهانیی دووەم دیاریی کردووە، ئەو جەنگەی کە بە خوێناویترین جەنگ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دادەنرێت، بوو بە هۆی وێرانکارییەکی زۆر و کۆمەڵکوژی و گۆڕانی نەخشە سیاسی و ئابوورییەکانی جیهان.
لە ڕۆژی 1ـی ئەیلوولی ساڵی 1939، سوپای ئەڵمانیای نازیی لەشکرکێشی بۆ سەر وڵاتی پۆڵەندا دەست پێ کرد و دوو ڕۆژ دواتر و لە 3ـی ئەیلوولی هەمان ساڵدا فەرەنسا و بەریتانیا جەنگیان دژی ئەڵمانیا ڕاگەیاند. ئەمە یەکەم چەخماخەی جەنگی دووەمی جیهانی بوو، لە ئەورووپاوە و لە ئاسیاشەوە شەڕی ژاپۆن لەگەڵ چین و دواتریش ئەمەریکا و بەریتانیا. ئیدی جەنگەکە زۆرینەی وڵاتانی گرتەوە و 30 وڵات بە 100 ملیۆن سەربازەوە دژ بە یەکدی کەوتنە جەنگێکی خوێناوییەوە.
جەنگەکە وڵاتانی بەسەر دوو بەرەی هاوپەیمانان و وڵاتانی تەوەردا دابەش کرد، کە دیارترین وڵاتانی بەرەی هاوپەیمانانیش، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و چین بوون، لە بەرانبەریشدا، هەریەکە لە وڵاتانی ئەڵمانیای نازی، ئیتاڵیا و ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن لە دیارترین وڵاتانی بەرەی تەوەر بوون.
لە جەنگەکەدا کۆمەڵێک ڕووبەڕووبوونەوەی سەخت لە نێوان وڵاتانی دوو بەرەکەدا ڕوویاندا، دیارترینیان، هێرشی ئەڵمانیا بۆ سەر یەکێتیی سۆڤیەت کە بە شەڕی ستالینگراد ناسراوە، هەروەها شەڕی دوورگەی میدوای کە هێرشی ژاپۆنییەکان بوو بۆ سەر کەشتییەکانی ئەمەریکا، لەگەڵ شەڕی عەلەمین لەخاکی میسر لەنێوان هەردوو سوپای ئەڵمانیا و ئیتاڵیا لەگەڵ سوپای بەریتانیا، ئۆپەراسیۆنی بەرەی هاوپەیمانان لە کەناراوەکانی نۆرماندی فەرەنساش کە بە یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنە ئاویی و وشکانییەکانی مێژوو هەژمار دەکرێت، لە ڕێگەیەوە ئەڵمانیای نازی شکستی پێ هێندرا و لە خاکی فەرەنسا کرایە دەرەوە، دواهەمینیشیان دوو بۆمبە ئەتۆمییەکەی ئەمەریکا بوو بۆ سەر هەردوو شاری هێرۆشیما و ناکازاکی ژاپۆن، کە ئەوەش یەکەمین بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی بوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
هەر لەو جەنگەدا دەیان کۆمەڵکوژی و بە کۆیلەکردنی بەشێک لە گەلان ڕوویدا، دیارترینیان، جینۆسایدی هۆلۆکۆست، کە 6 ملیۆن جوو لەسەر دەستی سوپای ئەڵمانیای نازی کۆمەڵکوژکران، لەگەڵ کەمپە کوشندەکانی گۆلاکی سۆڤییەتی و کەمپی دیلەکانی ژاپۆن بوون.
زیانەکانی جەنگی دووەمی جیهانی ئێجگار زۆرن، بەگوێرەی ئامارەکان، نزیکەی 78 ملیۆن کەس کوژراون، کە 20 ملیۆنیان سەربازبوون و زیاتر لە 40 ملیۆنیش خەڵکی سڤیل بوون، بەهۆی وێرانکارییەکان و بڵاوبوونەوەی دەیان جۆر نەخۆشی و پەتای جیاوازیشەوە، نزیکەی 18 ملیۆن کەسی دیکە بوونە قوربانی جەنگەکە، توێژینەوەکانیش کۆی زیانە ماددییەکانی وڵاتانی بەشدار لە جەنگەکەدا بە 4 ترلیۆن و 700 ملیار دۆلار دەخەمڵێنن.
لە ڕۆژی 2ـی ئەیلوولی ساڵی 1945، دوای ئەوەی ئەمەریکا هەردوو شاری هێرۆشیما و ناکازاکی بە بۆمبی ئەتۆمی بۆردومانکرد، ئیمپراتۆرییەتی ژاپۆن بەفەرمیی خۆبەدەستەوەدانی ڕاگەیاند و ئەمەش بوو بە کۆتا سیناریۆ و جەنگی خوێناوی 6 ساڵەی جیهان کۆتایی هات. لە نێو هاوپەیماناندا، ساڵانە تەنیا ڕووسیا لە ڕۆژی 9ی ئایاردا زۆرترین گرنگی بەم یادە دەدات.
ڕۆڵی کورد لە سوپای سووری سۆڤێیەتدا
سوپای سووری سۆڤیەت لە پاڵ هاوپەیمانەکانی تردا، رۆڵێکی گرنگی بینی لە تێکشکاندنی ڕژێمی نازی ئەڵمانی و سەرکەوتنی دەستەبەرکرد. فەرماندە و سەربازە کوردەکانی ناو سوپای سوری سۆڤیەتی پێشوو، ڕۆڵێکی جوامێرانەیان لە جەنگەدا بینی. سەدان کورد لە کۆمارەکانی جۆرجیا و ئەرمینیا و ئازەربایجان لە سوپای سوردا جەنگان، بەشێکی زۆریان برینداربوون و کوژران یاخود بێ سەروو شوێن بوون. ڕۆڵی کورد هێندە بەرچاو و کاریگەر بوو لە جەنگ دژی نازیزمی ئەڵمانیدا، سێ فەرماندەی کورد بە ناوەکانی سەمەند عەلیێڤیچ سیابەندۆڤ، دورسون ئۆگلی موستەفایێڤ بەکر و ئاڤاز گاشیم ئۆگلی ڤێردیێڤ مەدالیا و خەڵاتی پاڵەوانی جەنگیان پێبەخشرا و ناوەکانیان بە ئاوی زێڕ لە مۆزەخانەی « پەبێدی-سەرکەوتن» و مۆزەخانەی « پەتریۆت-نیشتمانپەر» لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا نوسراوە.