کیم جۆنگ ئون سەرپەرشتی ڕاهێنانی هێرشی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی کرد

پیۆنگ یانگ ئەمڕۆ هەینی، 9ـی ئایاری 2025، ڕایگەیاند "کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور سەرپەرشتی ڕاهێنانەکانی ھاوشێوەکردنی هێرشی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمی بۆ سەر سیئۆل و واشنتن کرد."

ئەم ڕاگەیاندنە ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کۆریای باکوور تاقیکردنەوەی مووشەکی کرد، بە گوتەی سیئۆل جۆرە جیاوازەکانی مووشەکی بالیستیکی کورت مەودای لەخۆگرتبوو.

سوپای کۆریای باشوور، پێی وایە ئەم تاقیکردنەوە مووشەکییانە پەیوەندییان بە هەناردەکردنی چەکی کۆریای باکوورەوە هەیە بۆ ڕووسیا.

لای خۆیەوە ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریای باکوور ڕایگەیاند "ڕاهێنانەکان بریتین لە سیستەمی مووشەکی و مووشەکی بالیستی تاکتیکی."

بەپێی ئاژانسەکە، مانۆڕەکان بریتی بوون لە ڕاهێنانی ورد لەسەر ڕێکارەکان و ئۆپەراسیۆنەکان بۆ گواستنەوەی خێرا بۆ دۆخی دژە هێرشی ئەتۆمی.

ئاژانسەکە ڕوونیکردەوە، ئامانجی مەشق و ڕاهێنان بەدەست هاتووە، و متمانەپێکراوی سیستەمی فەرماندەیی و کۆکردنەوە، کە توانای وەڵامدانەوەی خێرای هەیە بۆ هەر قەیرانێکی ئەتۆمی، پشتڕاستکرایەوە.

پیۆنگ یانگ بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە کەوتۆتە ژێر سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەم سزایانە کۆریای باکوور لە هەڵگرتنی مووشەکی بالیستی قەدەغە دەکەن.

ئەم مانۆڕانە نزیکەی هەفتەیەک دوای دەرکردنی فەرمانی سەرۆکی کۆریای باکوور دێت بۆ خێراکردنی چەکی ئەتۆمی هێزە دەریاییەکانی.

کۆریای باکوور خاوەنی چەکی ئەتۆمییە و بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە، وەک ڕێگرییەک لە دژی مانۆڕە "شەڕانگێزییەکان" لەلایەن واشنتن و سیئۆلەوە دەکرێن، زۆر گرنگن.

مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو پیۆنگ یانگ پەردەی لەسەر کەشتییەکی تێکدەر لادا کە کێشی پێنج هەزار تۆن بوو، بە ناوی چیۆهیۆن، هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە مووشەکی ئەتۆمی تاکتیکی کورت مەودای تێدایە.

لەڕووی تیۆریەوە هێشتا هەردوو کۆریا لە شەڕدان، بەو پێیەی شەڕی نێوانیان لە نێوان ساڵانی 1950 تا 1953 بە ئاگربەست کۆتایی هات نەک پەیمانی ئاشتی.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment