تێچووی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حووسییەکان ئاشکرا دەکرێت

ڕاپۆرتێکی ئێن بی سی نیوز ئەو بڕە پارەیەی ئاشکرا کردووە کە ئیدارەی ترەمپ بۆ هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حووسییەکان لە مانگی ئاداری ڕابردووەوە تەرخان کردبوو.
ماڵپەڕەکە لە زاری دوو بەرپرسی ئەمەریکییەوە بڵاویکردووەتەوە، هێرشەکانی ئیدارەی ترەمپ لە دژی حووسییەکان لە یەمەن، لە مانگی ئادارەوە زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری ئەمەریکی تێچووە.
بە وتەی ئەو دوو بەرپرسە، کورتەیەکیان لەبارەی تێچووی هێرشەکانی ئەمەریکا پێدراوە، تێچووی ئەو دوو بەرپرسە بریتی بووە لە هەزاران بۆمب و مووشەکی بەکارهێنراو لە هێرشەکاندا، ئەمە جگە لەوەی زیانی تۆمارکراو.
بە وتەی بەرپرسان، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا لە مانگی ئادارەوە نزیکەی دوو هەزار بۆمب و مووشەکی دژی حووسییەکان بەکارهێناوە، کە تێچووی زیاتر لە 775 ملیۆن دۆلار بووە.
لەنێو ئەو زانیارییانەی ئەو دوو بەرپرسە ئاشکرایان کردووە، سوپای ئەمەریکا لانیکەم 75 مووشەکی تۆماهۆکی بەکارهێناوە، هەریەکەیان نزیکەی یەک ملیۆن و 900 هەزار دۆلاری تێچووە.
هەروەها ئەو چەکانەی لە دژی حووسییەکان بەکارهێنران، 20 مووشەکی کروز لەخۆگرتبوو هەریەکەیان نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری تێچووە.
هەروەها ئەمەریکا لانیکەم 10 ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە بۆ گواستنەوەی دوو سیستەمی بەرگریی مووشەکی پاتریۆت لە ڕێگەی دەریاوە، ئەمە جگە لە بڕە پارەیەکی زۆر لەنێویاندا تێچووی ئەو ئامێرانەی لە ڕێگەی ئاسمانییەوە دەگوازرێنەوە.
کەناڵی ئێن بی سی نیوز بڵاویکردەوە، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا پێی ڕاگەیاندووە، ئەو بڕە پارەیەی بۆ هێرشەکانی ئەمەریکا خەرج کراوە بە "زیادەڕۆی" وەسف کردووە و تێچووی ڕاستەقینەی نزیکەی 400 ملیۆن دۆلارە.
ترەمپ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند "حووسییەکان ڕادەست بوون و داوای لە ئەمەریکا کردووە، هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەریان ڕابگرێت."
لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ، ترەمپ گوتی: حووسییەکان ڕایانگەیاندووە چیتر نایانەوێت شەڕ بکەن.
گوتیشی: دوای ئەوەی بزووتنەوەی یەمەن کە هاوپەیمانی ئێرانە، ڕازی بوو لەسەر پەکخستنی ڕێڕەوی کەشتیوانی گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەریکا بۆردومانەکانی بۆ سەر حووسییەکان لە یەمەن ڕادەگرێت.
عومان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند "ئەمەریکا و حووسییەکانی یەمەن گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی ئاگربەست، لەوانە ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە ئەمەریکییەکان لە دەریای سوور و گەرووی باب مەندەب.