دەم پارتی: پێشبێنی بەستنی کۆنگرەی پەکەکە دەکەین

سەرۆک کۆماری تورکیا دوێنێ پێنجشەممە ڕایگەیاند: ئەمڕۆ یان سبەی پەکەکە چەکەکانی دادەنێت، ئەمڕۆ هەینیش گوتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەری هەیە پەکەکە ڕایبگەیەنێت کۆنگرە ئەنجام داوە.

ئەمڕۆ هەینی، 9ـی ئایاری 2025، ئایشەگول دوغان گوتەبێژی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەگەر هەیە پەکەکە لەهەرکاتێک ڕایبگەیەنێت کۆنگرەیان بەستووە چاوەڕێی ئەم ڕاگەیاندراوە گرنگەی پەکەکە دەکەین.

گوتەبێژی دەم پارتی گوتیشی " دوای نەمانی پەکەکە بەرپرسیارێتی گەورە چارەسەری سیاسییە لە تورکیا "

ئەم لێدوانەی ئایشەگول لەکاتێکدایە، هەر دوێنێ پێنجشەممە، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: ئەمڕۆ بێت یان سبەینێ سەرئەنجام  پەکەکە چەکەکانی دادەنێت. دەشڵێت: ڕەنگە کەسانێک هەبن بیانەوێت سوود لە تێکدانی پرۆسەی ئاشتی وەربگرن.

 ئەردۆغان باسی لەوەش کردووە، دوای نەمانی پەکەکە پرۆسەیەکی نوێ، سەردەمێکی نوێ بۆ هەموومان دەست پێ دەکات و کایەی سیاسیش رۆڵێکی گەورەی دەبێت لە پرۆسەکە. هاوکات ئەردۆغان هۆشداریشی داوە لەوەی پێویستە پرۆسەکە بەباشی بەڕێوەببرێت.

سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش داوە "ڕەنگە کەسانێک هەبن بیانەوێت سوود لە تێکدانی پرۆسەکە وەربگرن و پێویستە بۆ ئەوە ئامادەبین." ڕاشیگەیاندووە، پرۆسەیەکی ئاسان چاوەڕێیان ناکات و متمانەی بە کارکردنی ئەندامانی هەیە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە.