وەزارەتی دەرەوەی ئێران: سبەی شەممە وەزیری دەرەوە سەردانی سعوودیە دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: بڕیار وایە عباس عراقچی سەردانی سعوودیە و ئێران بکات.
ئەمڕۆ هەینی، 9ـی ئایاری 2025، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: سبەی شەممە عەباس عراقچی بەسەردانێک بەرەو سعوودیە بەڕێدەکەوێت و زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدات.
وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕاشیگەیاندووە، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ئێوارەی سبەی شەممە لە سعوودیەوە بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی گفتوگۆی ئیرانی-عەرەبی بەرەو قەتەر بەڕێدەکەوێت.
ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاتێکدایە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو دۆناڵد ترەمپ، سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات و ڕۆژی هەینی 7ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا وادەی یەکەم سەردانی بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی ڕاگەیاند و گوتی: لەماوەی داهاتوو سەردانی سعوودیە دەکەم، هەروەها یەکەم پەیوەندیی تەلەفۆنی ترەمپ لە دوای دەست بەکاربوونی لەگەڵ سەرکردەیەکی بیانی، لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعوودیە بووە.
پێشتر سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکرای کردبوو، لە سەردانەکەیدا لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە، سەرۆک وەزیرانی سعوودیە کۆدەبێتەوە، هەروەها لەگەڵ سعوودیە کاردەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە.