پەروین بوڵدان: ڕاگەیەندراوەکەی پەکەکە مێژووییە

یەکەم کاردانەوە دوای ڕاگەیەندراوەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە بارەی کۆنگرەی پارتەکە، پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمراڵی ڕایگەیاند: دوای ئەم ڕاگەیاندنە تورکیا دەچێتە قۆناغێکی نوێ.

ئەمڕۆ هەینی، 9ـی ئایاری 2025، پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمراڵی ڕایگەیاند: ئەنجامدانی کۆنگرەی پەکەکە هەنگاوێکی گرنگە و رۆڵی باشی دەبێت لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا، گوتیشی: دوای ئەم قۆناغە بەردی بناغەی ئاشتی دادەنرێت.

بوڵدان ئاماژەی بەوەش کرد، ئیتر تورکیا دەچێتە نێو سەردەمێکی نوێ و گوتی: لە ڕاستیدا ڕاگەیەندراوەکەی پەکەکە بە مێژوویی دەبینم و خاڵیکی وەچەرخانە.

پەروین بوڵدان دەشڵێت: ئاواتمان ئەوە بوو سری سورەیا ئۆندەر ئەم ڕۆژە ببینێت، چونکە هەوڵ و کۆششێکی زۆری بۆ سەرخستنی پرۆسەکە کرد.

هەر ئەمڕۆ هەینی، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و ئاشکرای کرد، ڕۆژانی 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە، بە بەشداری نوێنەرانی هەموو بوارەکانی خەبات، کۆنگرەیان لە دوو ناوچەی جیاواز بەستووە و دیدگا و پێشنیازەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانی کراوی پارتەکەیان خوێندووەتەوە و هەڵسەنگاندنیان کردووە.

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کۆنگرەی12ـی پەکەکە ئاماژەی بە ڕۆڵی سری سوورەیا ئۆندەر کردووە  و لە ئامادەکارییەکانی کۆنگرەدا کە یەکێک بووە لەوانەی ڕۆڵێکی کارا و کاریگەری هەبووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، سری سورەیا بۆ سەرخستنی ئامانجی کۆمەڵگەی دیموکراسی و ئاشتی تێکۆشاوە و 12 ساڵ هاوڕێیەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی کردووە، سەرباری ئەوەش داوای لە هەمووان دەکرد بە هاوکاریی یەکتر کار بکەن بۆ ئاشتی.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment