هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەخرێنە ئەوپەڕی ئامادەیی

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی  عێراق  فەرمانێکی دەرکردووە و لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە تەواوی هێزی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان دەخرێنە ئەوپەڕی ئامادەیی لە جۆری جیم.

سەرچاوەیەکی ئەمنی وردەکارییەکانی ئاشکرا کردووە و ئاماژەی داوە، ئەو بارە لە ناکاو و ئامادەییەی بۆ سەرجەم هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق دەرکراوە، پەیوەندیی بە پاراستنی ئاسایشیی لووتکەی کۆمکاری عەرەبییەوە هه‌یه‌، کە بڕیارە یەکشەممە، 11ـی ئەمانگە لە بەغدا بەڕێوە بچێت.

سەرچاوەکە بێ ئەوەی ناوی ئاشکرا بکرێت، بە چەند میدیایەکی عێراقی گوتووە، باری لە ناکاو و دۆخی ئەوپەڕی ئامادەیی ئەمنی لە کاتژمێر چواری ئێوارەی یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025 تاوەکوو کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عەرەبی بەردەوام دەبێت.

پێشتر لە بارەی لووتکەی کۆمکارت عەرەبی لە بەغدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندبوو، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا ئامادەی لووتکەکە دەبێت و باس لە دیدگا و تێڕوانینی خۆی دەکات بۆ داهاتووی وڵاتەکەی، ئەمەش لە کاتێکدا بەشێک زۆر لە هێز و گرووپەکانی شیعەی عێراق لە میوانداری شەرع ناڕازین.

هەر بە قسەی سوودانی بێت، لووتكەی ئەمجارەی عەرەبی لە بەغدا، تەنیا بۆ میوانداری نابێت، بەڵكوو دەبێتە هۆكاری چارەکردنی كۆمەڵێك كێشەی ناوچەکە.

 
Fly Erbil Advertisment