ترەمپ هەفتەی داهاتوو سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا

گوتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت: سەرۆکی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا جەخت لە دیدگای خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی خۆشگوزەران بکات، کە تێیدا ئەمەریکا و گەلانی ناوچەکە پێکەوە کار بکەن.

هەینی 9ـی ئایاری 2025، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: "سەرۆك ترەمپ چاوی لە گەڕانەوە مێژووییەکەیەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەفتەی داهاتوو سەردانی سعوودیە، قەتەر و ئیمارات دەکات و لەوێ سەرنجی لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان دەبێت."

باسی لەوە کرد، هەشت ساڵ لەمەوبەر سەرۆك ترەمپ سەردانی ئەو ناوچەیەی جیهانی کرد و ستراتیژییەی ئاشتی لە ڕێی هێزەوە بۆ سیاسەتی دەرەوە پێشکەش کرد، هەروەها لەو گەشتەیدا سەرۆك ئامانجی خۆی بۆ لەناوبردنی تیرۆر و توندڕەوی لە ناوچەکە باس کرد کە لە ماوەی ئیدارەکەیدا بە تێکشکاندنی تەواوەتی داعش و واژۆکردنی رێککەوتنامەی ئیبراهیمی، بە سەرکەوتوویی ئامانجەکەی بەدەست هێنا.

گوتەبێژی کۆشکی سپی، گوتیشی: ئێستا و دوای هەشت ساڵ سەرۆك ترەمپ دەگەڕێتەوە ناوچەکە، تا جەخت لە دیدگای خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی خۆشگوزەران و جێگەی شانازی سەرکەوتوو بکاتەوە، کە تێیدا ئەمەریکا و گەلانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیوەندییەکی هاریکاریدان و توندڕەوی تێکشکێندراوە و بازرگانی و ئاڵوگۆڕی کولتووری جێگرەوەی بێت.

 
Fly Erbil Advertisment