لەسەر خنکانی مێردمنداڵێک شۆفێری شۆفڵێک دەستگیرکرا

لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی مێردمنداڵێکی 13 ساڵان لە کاتی مەلە خنکا و پۆلیسی سنوورەکەش ڕایگەیاند، لەسەر خنکانی ئەو مێردمنداڵە شۆفێری شۆفڵێکیان دەستگیرکردووە.

ڕائید عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین بەکوردستان24ـی ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 9ی ئایاری 2025، مێرمنداڵێک بە ناوی هەولێر ڕزگار تەمەن 13 ساڵ، لە کاتی مەلە لەنێو گۆمی غەسالەکانی گوندی ئەسریلانی سەر بە شارەدێی چوارقوڕنە خنکاوە.

گوتیشی: مێردمنداڵەکە دانیشتووی شارۆچکەی حاجیاوایە و تەرمەکەی لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی ڕاپەڕین دەرهێنراوەتەوە".

هەر لەسەر ئەم ڕووداوە، پۆلیسی ڕاپەڕین ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردووەتەوە، بە سوود وەرگرتن لە کامێرای چاودێری کارگەکە دەرکەوتووە، کەسێک کە کرێکار و شۆفێری شۆفڵی کارگەکەیە، لەوکاتەی منداڵەکان مەلە دەکەن، بە کەوچکی شۆفڵەکە هەوڵی ترساندنی منداڵەکان دەدات.

هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، شۆفێرەکە بەهۆی ئەو کارەی کردووەیەتی، ئاوی گۆمەکەی بەرەو منداڵەکان بردووە له‌ ئه‌نجامدا یەکێک لە منداڵەکان کەوتووەتە ژێر شەپۆلی گۆمەکە و خنکاوە، بەڵام منداڵێكی دیکە توانراوە ڕزگار بکرێت، هەر بۆیە شۆفێرەکە ئێستا دەستگیرکراوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment