کۆشکی سپی: ترەمپ هیچ بڕیارێکی بۆ گۆڕینی ناوی کەنداو نەداوە

گوتەبێژی کۆشکی سپی ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەوڵی گۆڕینی ناوی کەنداوی فارس بۆ کەنداوی عەرەبی بدات.
کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: سەرۆک ترەمپ تا ئێستا هیچ قسە و بڕیارێکی لەسەر ئەم پرسە نەداوە، هەربۆیە دەنگۆیانەی بە ناوی سەرۆک ترەمپەوە بڵاوکراوەتەوە، ڕاست نین.
گوتیشی: ڕاستی ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ پرسیاری ڕۆژنامەنووسێک، چوارشەممەی ڕابردوو لە دۆناڵد ترەمپی پرسی، گوایە هەوڵی گۆڕینی ناوی کەنداوی فارس بۆ عەرەبی دەدەیت، ئەوکاتە سەرۆک ترەمپ گوتی: هەرچەندە نازانم هیچ کەسێک بە کارێک وەها دڵگران و نیگەران دەبێت یان نا، بەڵام هیچ بڕیارێک لە ئارا نییە و نامەوێت هەستی هیچ کەسێک بریندار بکەم.
دوای ئەوەی پێگەی ئینتەرنێتی گووگڵ ماپ لەسەر نەخشە ناوی کەنداوی فارسی بۆ کەنداوی عەرەبی گۆڕی، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاستی باڵای سیاسی و ئاینییەوە ناڕەزاییان دەربڕی.
سەرەیای ئەم دەنگۆیە لەلایەن ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمەریکی بڵاو کرایەوە، گوایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چوارچێوەی گەشتەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سعوودیە گۆڕینی ناوی کەنداوی فارس بۆ عەرەبی ڕادەگەیەنێت.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، لە 9ـی شوباتی ئەمساڵدا لە چوارچێوەی گەشتێکی ئاسمانی بەسەر کەنداوی مەکسیک، هەر لە نێو فڕۆکەکەیدا بڕیاری گۆڕینی ناوی کەنداوی مەکسیک بۆ کەنداوی ئەمەریکا ئیمزا کرد.