روحانی باسی وادەی كۆتاییھاتنی كۆرۆنا دەكات

"ئێستا تەنیا 17% هاووڵاتییانی ئێران پابەندی رێنماییەكان دەبن"

K24 - ھەولێر

حەسەن روحانی، سەرۆک کۆماری ئێران رایدەگەیەنێت، تەشەنەكردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران بەردەوامە و رەنگە تا شەش مانگی داهاتوو یان زیاتر بخایەنێت.

روحانی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە لەگەڵ ناوەندی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا رایگەیاند، سەرەتا خەڵک مەترسییەکانی کۆرۆنایان بە هەند وەردەگرت و 77% هاووڵاتییان پابەندی رێنماییەکان بوون، بەڵام ئێستا تەنیا 17% هاووڵاتییانی ئێران رێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان جێبەجێ دەکەن، ئەمەش هۆکاری بەرزبوونەوەی رێژەی قوربانیانی کۆرۆنایە لە ئێران.

سەرۆک کۆماری ئێران گوتیشی "ئێستا ئێران خەریکی تێپەڕاندنی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنایە".

بەگوێرەی ئامارەكان تائێستا 324 ھەزار و 692 كەس لە ئێران تووشی كۆرۆنا بوونە و لەو ژمارەیەدا زیاتر لە 18 ھەزار كەس گیانیان لەدەستداوە.

Fly Erbil Advertisment