پاکستان ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی درێژ کردەوە

شەممە، 10ـی ئایاری 2025، دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی پاکستان ڕایگەیاند، داخستنی ئاسمانی پاکستان بۆ ماوەی 24 کاتژمیری دیکە درێژ دەکاتەوە، ئەمەش بەهۆی گرژییە سەربازییەکانە لەگەڵ هیدستان.
دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنیی پاکستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە "ئاسمانی پاکستان تا ڕۆژی یەکشەممە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ بەڕووی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکاندا بە داخراوی دەمێنێتەوە."
پێشتر، دەسەڵاتدارانی پاکستان بڕیاریان دا ئاسمانی وڵاتەکەیان لە بەیانی ڕۆژی شەممە تاوەکوو کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، بەڕووی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکاندا دابخەن.
کەناڵی (جیۆ)ـی پاکستان بڵاوی کردەوە، ئەم کارە دوای ئەوە هات کە هیندستان مووشەکی ئاراستەی سێ بنکەی ئاسمانیی پاکستان کرد. کە یەکێکیان بنکەی نوخان لە ڕاوڵپندی بوو.
کەناڵەکە ئاماژەی بەوەش کرد، دوای هێرشی مانگی ڕابردوو بۆ سەر شاری پەهالگام لە کشمیر کە لەژێر کۆنترۆڵی هیندستاندایە، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات وردە وردە پچڕاون.
درەنگانی شەوی سێشەممە، 6ـی ئایاری 2025، سوپای هیندستان ڕایگەیاند "زیاتر لە نۆ پێگەمان لە خاکی پاکستان بۆمباران کردووە، ئۆپەراسیۆنەکە بۆ بە وێرانکردنی ژێرخانی تیرۆرە."
سوپای پاکستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، هیچ فڕۆکەیەکی هیندستان سنووری نەبەزاندووە و وەڵامی هێرشەکان دەدەینەوە، هەروەها بەهۆی هێرشەکەی هیندستانەوە، هەشت هاووڵاتی مەدەنی کوژران و 35ـی دیکەش بریندار بوون و دووکەسیش بێسەروشوێن بوون.
گرژییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان دوای هێرشەکەی ڕۆژی سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025 هات، کە چەکداران لە پاهالگام، لە کشمیر 26 کەسیان کوشت، ئەو ناوچەیە لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوە دەبرێت. بەڵام هیچ لایەنێک بەرپرسیارەتی هێرشەکەی نەخستە ئەستۆی خۆی؛ هەرچەندە نیودەلهی، ئیسلامی ئابادی بەوە تۆمەتبار کردووە کە ئەو لە پشت هێرشەکەوەیە، لای خۆیانەوە دەسەڵاتدارانی پاکستانیش ئەو تۆمەتە ڕەت دەکەنەوە.