غەززە..بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو حەوت سەرباز و دوو ئەفسەری ئیسرائیلی بریندار بوون

شەممە، 10ـی ئایاری 2025، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو لە باکووری کەرتی غەززە، نۆ سەرباز بریندار بوون.
میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویان کردەوە، لەنێو ئەو نۆ سەربازە بریندارەی ئیسرائیل کە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبە چێنراوەکە بریندار بوونە، فەرماندەی فەوجی 6310 و جێگرەکەی لە لیوای 252، تێدایە کە یەکێکیان بە پلەی عەقید و ئەوی دیکەیان بە پلەی موقەدەم بووە.
هەر ئەمڕۆ شەممە، ماڵپەڕە ئیسرائیلییەکان باسیان لە ڕووداوێکی ئەمنیی قورس کردووە کە لە گەڕەکی شوجاعییەی غەززە لەسەر دەستی چەکدارانی حەماس ڕووی داوە، ئاماژەی بەوەی بەوەش کرد، فڕۆکە ئیسرائیلییەکان خەریکی گواستنەوەی بریندارەکانی ئەو ڕووداوەن.
ڕوونیشی کردەوە، هێلیکۆپتەرەکانی ئیسرائیل ژمارەیەک سەربازی برینداریان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەی تەل هەشومیر لە ناوەڕاستی ئیسرائیل.
هەروەها ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی ئیسرائیلیش ڕاستەوخۆ بە مووشەکێکی دژە تانک هێرشی کرایە سەر و لە ئەنجامدا ژمارەیەک قوربانیی لێ کەوتەوە.