ترەمپ: بە نێوەندگیریی ئەمەریکا، هیندستان و پاکستان لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتن
دوای چەندان ڕۆژ گرژی و ئاڵۆزی، سەرۆکی ئەمەریکا ئاگربەستی یەکجارەکی نێوان هیندستانی و پاکستانی ڕاگەیاند.
شەممە، 10-05-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'زە تروس' ڕایگەیاند "بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنم، دوای دانوستانەکان بە نێوەندگیری ئەمەریکا، هیندستان و پاکستان لەسەر ئاگربەستێکی دەستبەجێ و گشتگیر ڕێککەوتوون."
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە ڕاگەیەنراوێکدا دووپاتی کردەوە، لەبارەی ڕاگرتنی شەڕ و ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ هیندستان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و ئاماژەی بەوە دا "پاکستان هەمیشە هەوڵی بەدەستهێنانی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەی داوە بەبێ ئەوەی سازش لەسەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکی خۆی بکات." گوتیشی: 30 وڵات لە دانوستانەکانی ئاگربەستی نێوان دوو وڵاتەکەدا بەشدار بوون.
هەر لەبارەی نێوەندگیریی ئەمەریکا لە دانوستانەکانی نێوان هیندستان و پاکستان، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و بەرپرسانی باڵای هیندستان و پاکستان پەیوەندیم هەبووە."
ماوەی چەند ڕۆژێکە هیندستان و پاکستان بۆمبارانی پێگە سەربازییەکانی یەکدی دەکەن و بەهۆیەوە لانیکەم 50 کەس کوژراون و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بریندار بوون. هەر بەهۆی شەڕەکەوە دەیان فڕۆکەخانە لەو دوو وڵاتە لە کار کەوتوون.
ئەم شەڕە دوای ئەوە هات کە دوو هەفتە پێش ئێستا لە بەشی کشمیری ژێر دەسەڵاتی هیندستان، گرووپێکی چەکدار هێرشی کردە سەر ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل و 26 کەسیان کوشت. دوای ڕووداوەکە، هیندستان، پاکستانی بە هاوکاریی ئەو گرووپە تۆمەتبار کرد و ئەویش ڕەتی کردەوە.
هەرێمی کیشمیر دەکەوێتە نێوان هەر سێ وڵاتی هیندستان، پاکستان و چین. هیندستان 55% و پاکستانیش 35%ی هەرێمەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە.