دانوستانی ڕاستەوخۆی بازرگانیی ئەمەریکا و چین لە سویسرا بەڕێوە دەچێت

بەگوێرەی میدیا جیهانیییەکان سویسرا، میوانداریی دانوستانی بازرگانی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمەریکا و چین دەکات.
میدیاکانی جیهان بڵاویان کردەوە، سکۆت بیسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا و جیمسۆن گریر، نوێنەری بازرگانیی ئەمەریکا، ڕۆژی شەممە لەگەڵ هی لیفێنگ، جێگری سەرۆک وەزیرانی چین بۆ دانوستانی بازرگانی لە سویسرا کۆ دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەش کراوە، "ئەم گفتوگۆیانە لە جنێڤ لە کاتێکدایە کە گرژییە بازرگانییەکان لە زیادبووندان بەهۆی سەپاندنی باجی 10% لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، لەسەر سەرجەم هاوردەکردنەکان بۆ ئەمەریکا، جگە لە باجی زیادە لەسەر ژمارەیەک کۆمپانیای بازرگانی، کە بووەتە هۆی شێواندنی بازاڕەکانی دارایی و بۆرسە."
کارین کیلەر سوتەر، سەرۆکی سویسرا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا ڕێککەوتووە بۆ خێراکردنی دانوستانە بازرگانییەکانیان.
لای خۆیەوە نووسینگەی نوێنەری بازرگانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەمەریکا و سویسرا ڕێککەوتوون لەسەر خێراکردنی دانوستانە بازرگانییەکان.
سەبارەت بە ئەگەری کەمکردنەوەی باج لەسەر چین، ترەمپ ڕایگەیاندبوو "دەکرێت ئەوە ڕوو بدات."
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کرد "چاوەڕوانی کۆبوونەوەیەکی دۆستانە لەگەڵ چین دەکەم و حەز دەکەم ئامادەیی چین ببینم." گوتیشی: کۆبوونەوەی داهاتوو لەگەڵ چین سەرنجڕاکێش دەبێت.
ترەمپ بابسی لەوەش کردووە، ڕەنگە لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین کۆ ببێتەوە، دوای دانوستانە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا.