ناوخۆی عێراق: هه‌ر جۆره خۆپیشاندانێك له ڕۆژانی به‌ڕێوه‌چوونی لووتكه‌ی عه‌ره‌بی قه‌ده‌غه‌یه

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ر جۆره خۆپیشاندانێك به هه‌ر ناو و ناونیشانێك و به هه‌ر ئامانجێك له ڕۆژانی به‌ڕێوه‌چوونی لووتكه‌ی عه‌ره‌بی قه‌ده‌غه‌یه.
شه‌ممه، 10ـی ئایاری 2025، وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا بڕیاری دا، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی لووتكه‌ی كۆمكاری عه‌ره‌بی كه بڕیار وایه له به‌غدا به‌ڕێوه بچێت، هه‌ر جۆره خۆپیشاندانێك به هه‌ر ناو و ناونیشانێك و به هه‌ر ئامانجێك قه‌ده‌غه‌یه.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، هیچ جۆره مۆڵه‌ت بۆ خۆپیشاندان نادرێت و هه‌ر هه‌وڵێكی له‌م شێوه‌یه‌ش پێچه‌وانه‌ی یاسایه، هه‌ر كه‌سێكیش له ڕۆژانی 11 تاوه‌كوو 20ـی ئه‌م مانگه هه‌وڵێكی له‌م شێوه‌یه بدات، ده‌ستگیر ده‌كرێت و هێزه ئه‌منییه‌كان به پێی یاسا ڕێكاری به‌رانبه‌ر ده‌گرنه‌به‌ر.
هه‌ینی، 9ـی ئایاری 2025، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق فەرمانێکی دەرکرد كه لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە تەواوی هێزی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان دەخرێنە ئەوپەڕی ئامادەیی لە جۆری جیم.
سەرچاوەیەکی ئەمنی وردەکارییەکانی ئاشکرا کرد و ئاماژەی دا، ئەو بارە لە ناکاو و ئامادەییەی بۆ سەرجەم هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق دەرکراوە، پەیوەندیی بە پاراستنی ئاسایشیی لووتکەی کۆمکاری عەرەبییەوە هه‌یه، کە بڕیارە یەکشەممە، 11ـی ئەم مانگە لە بەغدا بەڕێوە بچێت.
سەرچاوەکە بێ ئەوەی ناوی ئاشکرا بکرێت، بە چەند میدیایەکی عێراقی گوتبوو، باری لە ناکاو و دۆخی ئەوپەڕی ئامادەیی ئەمنی لە کاتژمێر چواری ئێوارەی یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025 تاوەکوو کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عەرەبی بەردەوام دەبێت.