كوردستان24 لە سلێمانی به‌دواداچوون بۆ پرۆژه‌ی ڕووناكیی گه‌ڕه‌كی دارۆغا ده‌كات

بەشێک لە هاووڵاتییانی شاری سلێمانی سەبارەت بە پرۆژەی ڕووناکی قسەیان بۆ کوردستان24 کردووە و لە کارەبای 24 کاتژمێری ڕازین.

هودا عوسمان، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی، چووە گەڕەکی دارۆغا، کە کارەباکەی لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی بووەتە 24 کاتژمێری و پرسیاری لە دانیشتووانی گەڕەکەکە کرد سەبارەت بە ڕازیبوونیان لە پرۆژەکە.

بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە بە کوردستان24ـیان گوت: "کارەباکە زۆر باشە تەنانەت پارەیەکی کەممان بۆ هاتووەتەوە."

هاوکات سه‌رتاشێک کە دوکانی لە گەڕەکەکەیە، بە هودا عوسمانی ڕاگەیاند: لەوەتەی کارەبا بووەتە 24 كاتژمێری زیاتر وزه‌ی كاركردنم بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و  هەر حەزدەکەم بێمە دوکان و كار بکەم. 

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین پرۆژەی گرنگیی خزمەتگوزاریی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان خستووەتە جێبەجێکردن، لە نێویاندا کارەبای 24 کاتژمێری، کە بە پرۆژەی ڕووناکی ناسراوە، پرۆژەکە سەرەتا لە هەولێر جێبەجێ کرا دواتر گەیشتە هەر یەکە لە پارێزگاکانی دهۆک، سلێمانی و بەمزووانەش دەگاتە هەڵەبجە.

ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کاتی سەردانیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، پرۆژەی ڕووناکیی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment