نووری مالیکی: پێشوازیی لە ئەحمەد شەرع ناکەین

نووری مالیکی ڕایگەیاند، ئەحمەد شەرع لە عێراق داواکراوە و نایانەوێت پێشوازیی لێ بکەن.
لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند "ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوەزری سووریا لە عێراق داواکراوە و نایانەوێت پێشوازیی لێ بکەن لە لووتکەی عەرەبی بەغدا، داواشی لێ دەکەن سەرکێشی نەکات و نەیەتە عێراق."
مالیکی گووتیشی؛ هیچ کەس لە کۆبوونەوەی سوودانی و ئەحمەد شەرع، لە قەتەر ئاگادار نەبووە، سەرۆک وەزیرانی عێراق هیچ پاساوێکی بۆ کۆبونەوە لەگەڵ داواکراوێک نەبوو.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی عێراق، مالیکی ئاشکرای کرد "ئەمەریکییەکان بە ئاشکرا داوای هەڵوەشاندنەوە یاخود تێکەڵکردنی حەشدیان لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق کردووە."
مالیکی ڕاشیگەیاند "ئێستاش لەگەڵ ئەوەدان هەندێک گۆڕانکاری تەکنیکی لەیاسای هەڵبژاردنی عێراقدا بکرێت، لەپێناو دادپەروەری لە پرۆسەکە."
هێزە سیاسییەکانی شیعەی عێراق دژی میوانداری ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریان بۆ بەشداربوون لە لوتکەی کۆمکاری عەرەبی بەغدا، کە بڕیارە 17ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.
هەر لە چوارچێوەی دژایەتییەکاندا، پێشتر زیاتر لە 50 پەرلەمانتاری عێراق، کە سەرجەمیان لە لوتکەی چوارچێوەی هەماهەنگین، لە یاداشتنامەیەکدا بە هەڵدانەوەی بڕیاری پێشووی دەستگیرکردنی ئەحمەد شەرع، بە ناوی ئەبو محەممەد جۆلانی، بە ماددەی تیرۆر، داوایان کردبوو، نابێت شەرع لە بەغدا میوانداری بکرێت.
هەروەها حزبی دەعوەی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی، ڕایگەیاند بوو، نابێت ئەحمەد شەرع کە تۆمەتبارە بە تیرۆر، بەشداری لە لوتکەی عەرەبی بکات .
لەلایەکی دیکەوە قەیس خەزعەلی، ڕێبەری عەسائیب ئەهلی حەق لە پۆستێکیدا لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هەڵوێستی گرووپە میلیشیاکانی بڵاوکردەوە و نووسی بووی" پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سووریا، برایەتییە و خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەش دەکات، بەڵام سەرۆکی ئێستای ڕژێمی سووریا لە عێراق لە ڕووی یاساییەوە داوا کراوە، پێویستە ڕێزگر لە بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق بگیرێت".