لە پارێزگایەکی دیکەی عێراق، یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون تۆمار کرا

فەرمانگەی تەندروستیی میسان ئاشکرای کرد، ئەمساڵ یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە پارێزگاکەدا تۆمار کرا. ئەمەش دوای دەرچوونی ئەنجامی پشکنینی گومانلێکراوەکە سەلمێندراوە.
سەرچاوەیەک لە فەرمانگەی تەندروستیی میسان ڕاگەیاند، "پاشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ئەنجامی ئەو پشکنینەی کە بۆ گومانلێکراوێک کرابوو، وەرگیراونەتەوە و پشتڕاست کراوەتەوە کە ئەو کەسە تووشی تای خوێنبەربوون بووە، ئەمە یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوونە کە ئەمساڵ بە فەرمی لە پارێزگای میسان تۆمار کرا بێت."
ئاماژەی بەوەش کردووە، "لەهەمانکاتدا پشکنین بۆ گومانلێکراوێکی دیکەی کراوە لەڕەگەزی مێیە، بەڵام بەگوێرەی ئەنجامەکان ئەو کچە تووشی ڤایرۆسەکە نەبووە." سەرچاوەکە ڕوونیشی کردەوە، "تووشبوەکە ئێستا لە بەشی تایبەتدا چارە وەردەگرێت و باری تەندروستی جێگیرە."
مەترسیی تای خوێن بەربوون تا ئێستا ماوە.
بەپێی دوایین داتاکانی وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 7ـی ئایاری 2025، (62) حاڵەتی تای خوێنبەربوون تۆمار کراوە، لەنێویاندا هەشت حاڵەتی گیانسپاردنیش هەبووە.
هەروەها لە مانگی نیساندا زۆرترین حاڵەتی تووشبوونی تێدا تۆمار کرا، لەکاتێکدا سەرەتای مانگی ئایار حاڵەت هەبووە بەڵام لە مانگی ڕابردوو کەمتر بووە.
دابەشبوونی جوگرافیای تووشبوون و مردن:
زیقار- 17 حاڵەت (زۆرترین حاڵەت هەبووە بەراوورد بە پارێزگاکانی دیکە)
کەرکووک- 5 تووشبوو، لەنێویاندا 4 مردن (بەرزترین ڕێژەی مردن)
موسەننا- 6 حاڵەت، لەنێویاندا 2 حاڵەتی مردن
واست- 5 حاڵەت هەبووە، یەکێکیان مردووە
دیالە- دوو حاڵەت هەبووە، یەکێکیان مردووە
نەینەوا- 3 حاڵەت
میسان- یەک حاڵەت
ئەنبار- یەک حاڵەت
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە بە ڕێژەی 30% کەمی کردووە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2024، بەڵام ڕێژەی مردن کەمێک زیادی کردووە بۆ نزیکەی 13%.
وەزارەتی تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڤێتەرنەری بەردەوامە لە هەڵمەتەکانی هۆشیاری لە ناوچە گوندنشینەکان و بازاڕەکان.