عەباس عراقچی: ئومێد دەکەین دانوستانی ئەمڕۆ یەکلاکەرەوە بێت

وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عراقچی ڕایگەیاند، هیوادارە گەڕی چوارەمی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمەریکا، بگاتە خاڵی یەکلاکەرەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی ئایاری 2024، ڕایگەیاند، ئومێد دەکات گەڕی چوارەمی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمەریکا بگاتە "خاڵی یەکلاکەرەوە".
عراقچی بەر لەوەی بەرەو مەسقەت بڕوات، کە گفتوگۆکان لەوێ بەڕێوە دەچێت، گوتی: بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە تاران گفتوگۆ و ڕاوێژی زیاترمان کردووە، هیوادارین لەم گەڕەی دانوستانەدا بگەینە خاڵێکی یەکلاکەرەوە.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتەکە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزیری دەرەوەی ئێران، بەمەبەستی بەشداریی لە دانوستانەکان بەرەو مەسقەت بەڕێ کەوت.
بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد، گفتوگۆکان نیوەڕۆ بەکاتی عوممان دەست پێ دەکات، دەشڵیت: "تیمێکی تەکنیکی لە مەسقەتە بۆ پێشکەشکردنی ڕاوێژکاری پێویست."
ئەم گەڕەی دانوستانەکان بە نێوەندگیریی عوممان، دوای سێ گەڕی پێشووی دانوستانی ناڕاستەوخۆ دێت. یەکەمیان لە 12ـی نیسان لە مەسقەت و دووەمیان لە 19ـی نیسان لە ڕۆما و سێیەمیش لە 26ـی هەر لە مەسقەت بەڕێوەچوو.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرکردایەتیی دانوستانەکان دەکەن، هەروەها بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومانیش وەک ناوبژیوان پرۆسەکە بەڕێوە دەبات.