ئیسرائیل دوای 43 ساڵ تەرمی سەربازێکی لە سووریا دۆزییەوە

سوپا و دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (موساد) ڕایانگەیاند، پاش 43 ساڵ گۆڕی سەربازێکی کوژراویان لە خاکی سووریا دۆزیوەتەوە و ڕووفاتەکەیان گەڕاندووەتەوە ئیسرائیل. وەزارەتی بەرگریی ڕووسیاش دەڵێت، هێزەکانمان لە سووریا هاوکاری ئیسرائیل بوون لە دۆزینەوە ڕووفاتی سەربازەکەیان.
لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، ئەو سەربازەی سوپای ئیسرائیل لە ساڵی 1982 لە شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ لوبنان کوژراوە، بەڵام لەم دوایانەدا لە هەڵمەتێکی هاوبەشی سوپا و موساد، توانراوە گۆڕی ئەو سەربازە لە سووریا بدۆزنەوە، کە ناوی تەسفی فێڵدمانە و پلەکەی مفەوەزی پلە یەک بووە.
هەروەها نووسینگەی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە، دوای تێپەڕبوونی 43 ساڵ، هێزەکانی ئیسرائیل سەرکەوتوو بوون لە دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ڕووفاتی زڤی فێڵدمان، کە حوزەیرانی 1982 لە شەڕی سوڵتان یەعقووب کە نزیک شارۆچکەیەکی ناوچەی بیقاع، لە ڕۆژهەڵاتی لوبنان لە کاتی ڕووبەڕوبوونەی سوپای سووریا کوژرا بوو.
هەروەها وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، هێزەکانی ڕووسیا لە سووریا هاوکاری سوپا و هەواڵگری ئیسرائیل بوون بۆ دۆزینەوە ڕووفاتی سەربازە کوژراوەکانی ئیسرائیل لە شەڕەکانی دەیەی هەشتای سەدەی ڕابردوو.
لەم بارەوە جەنەڕاڵ ئیگۆر کۆناشینکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا گوتی: ئیسرائیل داوای هاوکاری لە ڕووسیا کردووە بۆ دۆزینەوە ڕووفاتی سەربازکانی لە سووریا، هەروەها پرۆسەی گەڕان و دۆزینەوە بە یارمەتی هاوبەش سوورییەکان بەڕێوە چووە و توانراوە ڕووفاتی سێ سەربازی ئیسرائیل لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی سووریا بدۆزرێنەوە، کە لە جەنگی یەکەمی لوبناندا کوژراون.