گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران کۆتایی هات

گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی نێوان هەردوو شاندی ئەمەریکا و ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عوممان کۆتایی هات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025، هەردوو شاندی ئەمەریکا و ئێران، لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران لە مەسقەتی پایتەختی عوممان، بۆ چوارەمین جار کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەڕێوەچوو.
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی، بڵاوی کردەوە، گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، زیاتر لە 3 کاتژمێری خەیاندووە.
لەم بارەیەوە ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، بڵاوی کردەوە، گەڕی ئەم جارەی دانووستانەکان قورس بوون، بەڵام بەسوود بوون بۆ باشتر تێگەیشتن لە هەڵوێستی یەکتر و دۆزینەوەی ڕێگەی گونجاو بۆ چارەکردنی کێشەکان.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوە کرد، عوممان کاتی گەڕی داهاتووی دانوستانەکان ڕادەگەیەنێت.
لای خۆیەوە ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا، ڕایگەیاند: گەڕی ئەم جارەی دانوستانەکان، هاندەر دەبێت بۆ هەردوو وڵات بۆ گەیشتن بە چارەیەکی گونجاو لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران.
The fourth round of indirect Iran-U.S. negotiations is concluded; difficult but useful talks to better undetstand each other's positions and to find reasonable & realistic ways to address the differences. Next round will be coordinated and announced by Oman.
— Esmaeil Baqaei (@IRIMFA_SPOX) May 11, 2025
بەر لە دەستپێکی دانوستانەکان، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو، ئومێد دەکەین گەڕی چوارەمی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمەریکا بگاتە خاڵی یەکلاکەرەوە.
ههینی، 9ـی ئایاری 2025، ئاژانسی "تهسنیم"ـی ئێرانی بڵاوی كردبووهوە، گهڕی چوارهمی دانوستانه ناڕاستهوخۆكانی ئێران و ئهمهریكا ڕۆژی یهكشهممهی داهاتوو، 11ـی ئایار بهڕێوه دهچێت.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کە سەرۆکایەتی شاندی دانوستانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران دەکات، لە بارەی گەڕی چوارەمی دانوستان گوتبووی: ئەگەر دانوستانەکان لەگەڵ تاران بەرهەمدار نەبوو، ئەوە درێژە بە دانوستانەکان نادەن و ڕێگەیەکی دیکە دەگرنەبەر.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردبوو، بە ڕێککەوتنێکی خراپ لەگەڵ ئێران ڕازی نابن و لە دانوستان دەکشێنەوە ئەگەر پێشنیازەکان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی تاران بەهێز نەبوون.