ئەردۆغان بۆ پوتن: تورکیا ئامادەیە میوانداری دانووستانی ڕووسیا و ئۆکرانیا بکات

 ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا ئەنجام دا.

یەکشەممە، 11ـی ئایاری 2025، فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بڵاوی کردووەتەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن، پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات و هەروەها پرسە هەرێمی و جیهانییەکانییان تاوتوێ کرد.

 فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە،  لە پەیوەندییەکەدا، سەرکۆماری تورکیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە بەبۆنەی سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا کە بە نیوەچڵی مابوویەوە و بڕیارە لە ئیستانبوڵ بەڕێوەبچێت، جەختی لەوە کردەوە کە، تورکیا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمیشەیی ئامادەیی میوانداری دانوستانەکانە.

باس لەوەش کراوە، دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە ئاشتی کراوەتەوە و پێویستە کەشی گونجاو بەمەبەستی بەرقەرارکردنی ئاگربەست بۆ دانوستانەکان فەراهەم بکرێت.

هەر ئەمڕۆ  ڤلادیمیر پوتن ڕایگەیاند "وڵاتەکەی هەرگیز گفتوگۆی لەگەڵ ئۆکرانیا ڕەت نەکردۆتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد، مۆسکۆ دەیەوێت گفتوگۆی جددی بکرێت، سەبارەت بەو ململانێیەی زیاتر لە دوو ساڵە بەردەوامە.

پوتن جەختی لەوەش کردەوە، پەیوەندیی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دەکات بۆ ئەوەی هەماهەنگی بکەن.

تا ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمی لەلایەن لایەنی ئۆکرانیا سەبارەت بە پێشنیازەکەی سەرۆک کۆماری ڕووسیا نەدراوەتەوە.

تورکیا پێشتر لە دانوستانەکانی پێشوودا وەک ناوبژیوانێک لە نێوان مۆسکۆ و کیێڤدا ڕۆڵی هەبووە، بەتایبەتی سەبارەت بە ڕێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵەی دەریای ڕەش.

 
 
Fly Erbil Advertisment