ئەکسیۆس: ویتکۆف بە مەبەستی ئازادکردنی بارمتەکان لەگەڵ حەماس دانوستان دەکات
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس بڵاوی کردەوە، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە مەبەستی ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان، لەگەڵ حەماس دانوستان دەکات.
یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی، بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ڕێگەی قەتەر و میسرەوە لەگەڵ حەماس دانوستان دەکات لەبارەی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ مەبەستی ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان.
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس، ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ویتکۆف، هەروەها دەیەوێت لەگەڵ ئیسرائیلیش دانوستان بکات بە مەبەستی ڕاگەیاندنی ئاگربەست و بەدیهێنانی ئاشتی لە کەرتی غەززە.
هەینی 9ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوە دا، ئەمەریکا فشارێکی توند دەخاتە سەر ئیسرائیل، بۆ ئەوەی پێش سەردانەکەی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس بگاتە ڕێککەوتنی ئاگربەست.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەمەریکا هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردووە ئەگەر بە قسەی نەکات و ڕێککەوتن لەگەڵ حەماس نەکات، ئەوا ئیدی لەلایەن ئەمەریکاوە پشتگوێ دەخرێت و هاوکاری ناکرێت.
ڕۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاتێک لەگەڵ کەسوکاری بارمتە ئیسرایلییەکان کۆبووەتەوە، ڕەخنەی لە هەڵسوکەوتی ئیسرائیل گرتووە لەبارەی ڕێککەوتنی ئاگربەست.
ڕۆژنامەکە لە زاری ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە ڕایگەیاندووە، ئەگەر بارمتەکان تا ئەمڕۆ باجی کۆتایینەهێنانیان بە جەنگ دابێت، ئەوا ئەمڕۆ ئیسرائیل زۆر بە قورسی باجەکەی دەدات.