بڕیاری لێخۆشبوون بۆ دوو توێژ دەرچوو

بڕیاری لێخۆشبوون و گەڕانەوەی بڕی پارەی پێشینەی هاوسەرگیری بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت و قەرزی بچووک بۆ ئەو سوودمەندانەی کە کۆچی دواییان کردووە لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.

یەکشەممە، 11ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان، ڕۆژنامەی فەرمی هەرێمی کوردستان لە ژمارە 333  بڵاویکردووەتەوە، پشتبەستن بە حوکمەکانی ماددەی هەشتەم لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە(3)ـی ساڵی 1992 هەموارکراوە و لەسەر پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی بە نووسراویان ژمارە 24-898 لە 6ـی تشرینی یەکەمی 2024، نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری ژمارە 16536 لە 16ـی کانوونی یەکەمی 2024 ئاماژە بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاردرا بە، لێخشبوون لە گەڕاندنەوەی بڕی پارەی پێشینەی هاوسەرگیریی ماوە بۆ سوودمەندانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە پێش ساڵی 2013 پێشینەی هاوسەرگیرییان وەرگرتووە.

ڕۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە، لێخۆشبوون لە گەڕاندنەوەی بڕی پارەی قەرزی بچووک بۆ ئەو سوودمەندانەی کە کۆچی دواییان کردووە و تا ئێستا پابەندی دانەوەی ئەم قەرزەیان لە ئەستۆ ماوە کە ژمارەیان 59 سوودمەندە بە گوێرەی لیستی هاوپێچی نووسراوی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەپێدراوە.

ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، گشت وەزارەت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت هەردوو بڕیاری ئاماژە پێکراو، جێبەجێ دەکەن لە ڕۆژی دەرچوونی ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان.

وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی کارو و کاروباری کۆمەڵایەتیی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاری جێبەجێ کردنی هەردوو بڕیار دەردەکەن.

ڕۆژی چوارشەممە، 26ـی ئاداری 2025، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، لەسەر پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بڕیاری دا بە لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیریی ماوە بۆ سوودمەندانی خاوەن پێدوایستیی تایبەت، کە پێش ساڵی 2013 پێشینەی هاوسەرگیریان وەرگرتووە.

دەرچوونی ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی جیددی داوە، بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییانی خاوەن پێداویستی تایبەت.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەردەکەن و بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت لەو کاتەی کە لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاو دەبێتەوە

زیاتر لە دوو هەزارخاوەن پێداویستیی تایبەت سوودمەندی پێشینەکە بوون، هەر سەرۆک خێزانێک بڕی پێنج ملیۆن دیناریان بۆ خەرج کراوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment