سیروان بارزانی: كێشەی كۆڕەك تیلیكۆم چارەسەر نەكراوە و بۆ چارەسەرکردنی سەردانی بەغدا دەکەین

نزیکەی دووساڵە هاوبەشانی کۆڕەک تیلیکۆم ناتوانن پەیوەندی بە هێڵەکانی کۆمپانیاکانی دیکەوە بکەن و خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمیش ڕایگەیاند: کێشەی پەیوەندی کۆڕەک تیلیکۆم سیاسییە و تاوەکوو ئێستا چارەسەرنەکراوە، 

سيروان بارزانی، خاوەنی كۆمپانیای كۆڕەك تێلیكۆم، ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی ئایاری 2025،  بە كوردستان 24ی راگەیاند: كێشەی كۆڕەك تیلیكۆم چارەسەر نەكراوە و ئێمە هەموو ئەركەكانی خۆمان جێبەجێكردووە، كێشەكەیان بە سیاسی كردووە و لەدادگاكان دۆسیەكانمان بردووەتەوە، بەغدا دەیەوێت گوشار لە ئێمە بكات چۆك دابدەین، بەڵام چۆك دانادەین

سیروان بارزانی گوتیشی: بەم نزیکانە سەردانی بەغدا دەکەین بۆ هەمان مەبەست و لە هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەک نییە، چونکە ئەوەی بەغدا بەرانبەر ئێمە کردوویەتی نادادپەروەرییە و مەبەستییان نییە کێشەکە چارەسەر بکەن.

22ـی تشرینی یەکەمی 2023، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق راگەیێیندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: بە پشتبەستن بەو بڕیارانەی کە لە دادگە تایبەتمەندەکان دەرچووە، لەگەڵ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن و ئەو بڕە پارەی لەسەر کۆمپانیاکە هەیە و تاوەکو ئێستا نەدراوە، دەستەکە فەرمانی دا بە ڕاگرتنی کڕین و مامەڵەکردنی سیمکارتی نوێی تایبەت بە کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم و دواى 10 رۆژ لەو راگەیاندنەش پەیوەندییەکان لە نێوان کۆمپانیای کۆڕەک و کۆمپانیاکانی دیکەی مۆبایل ڕاگیرا.

دوای ئەم بڕیارە، سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بڕیاری دا  بە راگرتنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی کۆڕەک تیلیکۆم بەهۆی پابەندنەبوونی بە پێدانی قەرزە کەڵەکەبووەکانی و بەردەوامبوونی لە سەرپێچیکردن، هەروەها بۆ هاندانی بۆ دانەوەی قەرزەکانی.

ڕۆژی دواتر، چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ڕایگەیاند: ملیۆنان هاوبەشی هێلەکەمان تووشی پچڕانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بوون، لەلایەن دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە ژێر ڕێنمایی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ماوەکانی ڕابردوودا  کۆمپانیاکەمان ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی چەواشەکاری میدیایی بووەتەوە بۆ ناوزڕاندن و تۆمەتبارکردنی بە نەدانی باج، لە کاتێکدا ئێمە لەسەر بنەمای ڕێککەوتن لەگەڵ لێژنەی پەرلەمانی پەیوەندیدار پابەند بووین بە یاسا و ڕازی بووین بە چارەسەرێکی دارایی کە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی باڵای دادوەریش پشتڕاستیان کردەوە کە هیچ ڕێگرییەکی یاسایی نییە بۆ ئەم چارەسەرە، بەڵام لە هەنگاوێکدا کە گوشاری سیاسی پێوە دیارە و ئامانج لێی دوورخستنەوەی کۆمپانیاکەمانە بە قازانجی لایەنێکی دیکە

کۆڕەک تیلیکۆم

 کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، کۆمپانیایەکی پەیوەندییە زیاتر لە 10 ملیۆن هاوبەشی هەیە لەسەرتاسەری عێراق، ساڵی 2000 لە هەرێمی کوردستان دامەزراوە و لە ساڵی 2007، مۆڵەتی کارکردنی لەسەرتاسەری عێراق پێدرا.

 
 
Fly Erbil Advertisment