ئەمەریکا: دانوستانەکانمان لەگەڵ چین ئەرێنی و بنیاتنەر بوون

ئەمەریکا و چین
ئەمەریکا و چین

نوێنەری بازرگانیی ئەمەریکا، دەڵێت: واشنتن و چین لەبارەی وەستانی جەنگی باجی گومرگی گەیشتنە ڕێککەوتن و، بەڵام سبەینێ وردەکاری ڕێککەوتنەکە ڕادەگەیەنین.

یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025، جیمیسن گریر، نوێنەری بازرگانیی ئەمەریکا، گوتی: لە ماوەی دوو ڕۆژدا دوو کۆبوونەوەی زۆر بنیادنەر و ئەرێنیمان لەگەڵ چین هەبوون، زۆر بە خێرایی لەبارەی وەستانی باجی گومرگی ڕێککەوتین و جیاوازییەکانی نێوانیشمان زۆر نەبوون.

نوێنەری بازرگانیی ئەمەریکا، ئاشکرای کرد، "سەرۆکی ئەمەریکا مانگی ڕابردوو بەهۆی کورتهێنانی زۆری بازرگانی لەگەڵ چین کە 1.2 تریلیۆن دۆلارە، ئەو ڕێژەی زۆرە باجە گومرگییەی بەسەر چین سەپاند".

جەختی لەوەش کردەوە، لەو بڕوایەدان بە ڕێککەوتنیان لەگەڵ چین کێشەی کورتهێنان چارە دەکرێت. جیمیسن گریر، گوتیشی: سبەینێ وردەکاری تەواوی ڕێککەوتنەکە ڕادەگەیەنن.

لەلایەکی دیکەوە، سکۆت بیسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوو شاندی ئەمەریکا و چین پێشکەوتنی بەرچاو بەدی هاتوون.

لای خۆیەوە های لایفینگ، جێگری سەرۆک وەزیرانی چین گوتی: ئەمەریکا و چین میکانیزمێکی نوێیان بۆ ڕاوێژکاری لەبارەی ئابووری و بازرگانی دەست پێ کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئامانجی هەردوولا چارەکردنی ناکۆکییەکانە لە ڕێگەی گفتوگۆ و ڕاوێژکاریی هاوبەشەوە. هەروەها گوتیشی: پێشکەوتن و لێکتێگەشتنێکی باش لە بارەی بازرگانیی نێوانمان هەبوو.

دوێنێ شەممە 10ـی ئایاری 2025، هەردوو شاندی بازرگانیی ئەمەریکا و چین، بۆ مەبەستی گفتوگۆ و ڕێککەوتن، گەیشتنە شاری جنێڤی سویسرا و لە ماوەی دوو ڕۆژدا دوو جار کۆبوونەوە.

شاندی ئەمەریکا پێکهاتبوون لە؛ سکۆت بیسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا و جیمیسن گریر، نوێنەری بازرگانیی وڵاتەکە. هەروەها شاندی چینیش، پێکهاتبوو لە؛ هی لایفینگ، جێگری سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment