نیوزیلاند 100 رۆژی بێ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا تێپەڕاند
بەرپرسانی نیوزیلاند دەترسن و هۆشداری دەدەن

K24 - هەولێر
نیوزیلاند 100 رۆژی بەبێ تۆمارکردنی هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا تێپەڕکرد، کە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکەی وڵات گوازرابێتەوە، بەڵام بەرپرسانی وڵاتەکە هۆشداری دەدەن لەوەی؛ نابێت ئەو ئەنجامە تووشی لەخۆباییبوونیان بکات و هێشتا مەترسی ماوە.
دوایین حاڵەتی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە نیوزیلاند، کە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە گوازرابێتەوە، رۆژی یەکی ئایار تۆمارکراوە، ئەمەش دوای چەند رۆژێک بوو لە ئاسانکردنی رێکارەکانی قەدەغەی هاتووچۆ.
بەپێی ئامارەکانی تەندروستیی نیوزیلاند، تاوەکو دوێنێ 23 تووشبووی کۆرۆنا لە نیوزیلاند هەبوون، کە سەرجەمیان کەرەنتینەکراون، بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە.
نیوزیلاند، باشتر لە هەر وڵاتێکی دیکە کۆنترۆڵی کۆرۆنای کردووە، بەجۆرێک لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتاکە لەو وڵاتە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، تاوەکو ئێستا تەنیا هەزار و 219 کەس تووشی پەتاکە بوون، 22 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
حکومەتی ئەو وڵاتە، بەهۆی شێوازی کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا، لە هەموو جیهان دەستخۆشی لێدەکرێت و ئێستا سەرجەم رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنای هەڵگرتووە، کە سەرەتا لە مانگی ئازارەوە دەستیپێکردبوو.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە نیوزیلاند، حکومەت سەرجەم سنوورەکانی داخست، پەیامی هۆشیاریی تەندروستیی لەڕێگەی نامە بۆ هاووڵاتییانی دەنارد و بەوردی پشکنینی بۆ سەرجەم تووشبووان و هەموو بەرکەوتووانیشیان دەکرد، بەمەش بەتەواوی رێگەی لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە گرت.
بەڵام بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەترسن و هۆشداری دەدەن لە شەپۆلێکی دیکەی کۆرۆنا و دەڵێن نابێت ئەو ئەنجامانە لەخۆباییمان بکەن.
د. ئاشلی بلوومفیڵد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی نیوزیلاند دەڵێ "تێپەڕاندنی 100 رۆژ بەبێ تۆمارکردنی هیچ تووشبوویەک، کە لە تووشبوویەکی دیکەی نێو وڵات پەتاکەی گرتبێتەوە ئەنجامێکی گەورەیە، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت لەخۆبایی ببین. لە وڵاتانی دیکە بینیومانە چۆن ڤایرۆسەکە بەخێرایی لەنێو خەڵک بڵاودەبێتەوە، لەکاتێکدا پێشتر بەباشی کۆنترۆڵیان کردووە".
ئەوەی بەرپرسانی نیوزیلاند باسی دەکەن، بە داتا سەلمێنراوە. وڵاتیکی وەکو ڤێتنام، 99 رۆژ هیچ حاڵەتێکی تووشبوونی پەتای کۆرۆنای نەبوو کە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە گوازرابێتەوە، تاوەکو لە مانگی حوزەیران پیاوێکی تەمەن 57 ساڵ لە شاری دانانگ تووشی پەتاکە بوو، لە کۆتایی ئەو مانگە، شارەکەی بووە سەنتەری بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و یەکەم حاڵەتی مردن بە کۆرۆنا لە ڤێتنام، لەو شارە تۆمارکرا.