ترەمپ ستایشی بڕیارەکەی حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتە ئەمەریکاییەکە دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ستایشی بڕیارەکەی حەماسی کرد بۆ ئازادکردنی عیدان ئەلکساندەر، سەربازێکی ئیسرائیلی-ئەمەریکی لە غەززە بە دیل گیرابوو و بە "هەواڵێکی مێژوویی" ناوی برد.
ترەمپ، هیوای خواست سەرجەم زیندانییەکان ئازاد بکرێن و کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنرێت.
ترەمپ لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیال" نووسیویەتی: سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە بەشدارییان لەم هەواڵە مێژووییە کردووە، ئازادکردنی ئەو زیندانییەی بە "ئاماژەیەکی نیازپاکی" وەسف کردووە و ئاماژەی بەوەش کردووە "هیوادارین ئەمە یەکەم هەنگاو بێت کە پێویستە بۆ کۆتاییهێنان بەم ململانێیە."
ترەمپ، سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە کرد کە ئەم ڕێککەوتنەیان کردووە، بەتایبەتی میسر و قەتەر.
حەماس ڕۆژی یەکشەممە، 11ـی ئایاری 2025، ڕایگەیاند "ئەلکساندەر سەربازێکی ئیسرائیلی-ئەمەریکی ئازاد دەکات، ئەمەش دوای ماوەیەکی کەم لە ڕاگەیاندنی وتووێژی ڕاستەوخۆی بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماس لەگەڵ ئەمەریکا لە دۆحە، سەبارەت بە ئاگربەست و چوونە ژوورەوەی یارمەتییەکان بۆ ناو غەززە."
سەرۆکی شاندی حەماس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئازادکردنی عیدان ئەلکساندەر، ئەو سەربازە ئیسرائیلییە کە خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمەریکایشە، ، بەشێک دەبێت لەو هەنگاوانەی بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و کردنەوەی دەروازەکان و ڕێگەدان بە چوونە ژوورەوەی هاوکاریی و فریاگوزاری بۆ گەلەکەمان لە کەرتی غەززە گیراونەتەبەر." جەختیشی لە ئامادەیی بزووتنەوەکە کردەوە بۆ دەستبەجێ دەست بە دانوستانی چڕ و هەوڵی ڕژد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ئاڵوگۆڕی دیل.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد، سەربازە ئەمەریکاییە دیلەکە سێشەممەی داهاتوو ئازاد دەکرێت.
میسر و قەتەریش پێشوازییان لە ڕاگەیاندنی حەماس کرد سەبارەت بە ڕێککەوتنی خۆی بۆ ئازادکردنی سەرباز ئەلێکساندەر.
لە بەیاننامەیەکدا هەردوو وڵات دووپاتیان کردەوە، ئازادکردنی ئەو زیندانییە ئەمەریکاییە ئاماژەیەکی نیازپاکییە و هەنگاوێکی هاندەرانەیە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە و ئازادکردنی زیندانیان و دەستبەسەرکراوان و دەستەبەرکردنی ڕەوتی سەلامەت و بێبەربەستی یارمەتییەکان بۆ چارە کردنی بارودۆخی کەرتی غەززە.
ئادەم بۆهلەر، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بڕیاری حەماسی بۆ ئازادکردنی یەکێک لە ئەمەریکییەکان بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ پێشەوە ناو برد و داوای لە بزووتنەوەکە کرد تەرمی چوار ئەمەریکییەکەی دیکە ڕادەست بکات.
نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند "ئەمەریکا ئیسرائیلی ئاگادار کردەوە کە ئەم هەنگاوە لە لایەن حەماسەوە هاتووە وەک ئاماژەیەکی بێمەرجی نیازپاکی، پێشبینیش دەکرێت دانوستان بۆ ئازادکردنی زیندانی زیاتری لێ بکەوێتەوە".