پەکەکە بە فەرمی خۆی هەڵوەشاندەوە
پەکەکە بە شێوەیەکی فەرمی هەڵوەشاندنەوەی خۆی و چەکدانانی ڕاگەیاند و کۆتایی بە شەڕی چەکداریی لەگەڵ تورکیا هێنا.
دووشەممە، 12-05-2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی خۆی ڕاگەیاند کە لە نێوان 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە، لە ژێر ڕۆشنایی بانگەوازی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بەڕێوە چوو.
پەکەکە لە ڕاگەیەنراوەکەیدا باسی لەوە کردووە "خەباتی پەکەکە سیاسەتی نکۆڵی و وێرانکاری لە دژی گەلەکەمان نەهێشتووە، پرسی کورد لە ڕێگەی سیاسەتی دیموکراسییەوە گەیاندووەتە خاڵی چارەسەرکردن و لەم ڕووەوە پەکەکە ئەرکی مێژوویی خۆی تەواو کردووە. لەسەر ئەم بنەمایە کۆنگرەی 12ـەمینی پەکەکە بەمەبەستی جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی پراکتیکی لە ژێر سەرکردایەتیی ڕێبەر ئاپۆ (عەبدوڵلا ئۆجەلان)، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شێوازی خەباتی چەکداری دا، هەروەها کۆتایی بەو چالاکییانە هێنا کە بەناوی پەکەکەوە دەکرێن."
پەکەکە ئاماژەی بەوەش کردووە "کۆنگرەکەمان سەرەڕای بەردەوامیی شەڕ و هێرشی ئاسمانی و زەمینی بەردەوام و لە هەلومەرجی سەختدا بە سەرکەوتوویی بەڕێوە چوو. کۆنگرەکە لە یەک کاتدا لە دوو ناوچەی جیاواز بە هۆکاری ئەمنی بەسترا. بە کۆی گشتی 232 نوێنەر تێیدا بەشدار بوون."
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەی پەکەکەدا هاتووە: "بڕوای تەواومان هەیە کە گەلەکەمان باشتر لە هەمووان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شێوازی خەباتی چەکداری تێدەگات و ئەرکەکانی قۆناغی خەباتی دیموکراتی لەسەر بنەمای بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتی جێبەجێ دەکات."
پارتی کرێکارانی کوردستان داوا لە هەموو کۆمەڵگەی تورکیا دەکات پێشوازی لە پرۆسەی نوێی ئاشتی بکەن و دەڵێت: لەم قۆناغەدا گرنگە کە پەرلەمانی گەورەی نەتەوەیی تورکیا بە لێپرسراوێتی مێژوویی ڕۆڵی خۆی ببینێت. بە هەمان شێوە بانگەوازی هەموو پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان، بەتایبەت حکومەت و پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی."
هاوکات، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 12-05-2025، کابینەی حکوومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار کۆ ببێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، پرۆسەی نوێی ئاشتی و قۆناغی دوای 12ـەمین کۆنگرەی پەکەکە تاوتوێ بکات.