تەلەعفەر.. لە ئەنجامی خواردن لە چێشتخانەیەک، 11 کەس ژەهراوی بوون

لە شارۆچکەی تەلەعفەر لە باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، لە ئەنجامی خواردن لە چێشتخانەیەکی ناسراوی شارۆچکەکەدا، 11 کەس ژەهراوی بوون. دواتر تووشبوەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتی تەلەعفەر.
سەرچاوەیەکی پزیشکی ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە 1ـی ئایار، بەهۆی خواردن لە چێشتخانەیەکی شارۆچکەی تەلەعفەر 11 کەس ژەهراوی بوون.
گوتیشی: تووشبووەکان بەهۆی ژەهراویبوونی توندی خۆراکەوە گەیەندراونەتە فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە، ڕوونیشی کردەوە پزیشکەکان دەستبەجێ فریاگوزاری سەرەتایی و چارەسەری پێویستیان بۆ ئەو نەخۆشانە کرد و باری تەندروستییان جێگیر بوون.
سەرچاوەکە ڕوونیشی کردەوە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەو ژەمە خواردنەی ئەو کەسانە خواردویانە پیس بووە، کە پێدەچێت هۆکاری ژەهراویبوونەکە بێت.
دوابەدوای ڕووداوەکە، لایەنە پەیوەندیدارەکان فەرمانی لێکۆڵینەوەی بەپەلەیان دەرکرد بۆ ئاشکراکردنی هۆی ڕووداوەکە و لێپیچینەوە لەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لەو ڕووداوە، بۆیە ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەریان دەگیرێتە بەر.