ترەمپ بەبێ ئاگاداری و پرسکردن ئاگربەستی جەنگی هیندستان و پاکستانی ڕاگەیاند
ئاگربەستەکەی ترەمپ، هیندستانی تووڕە و پاکستانی دڵخۆش کردووە

لە چوار ڕۆژدا ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان، دوای تێپەڕبوونی نیو سەدە، بووە جەنگیکی تەواو و بە هێرشی مووشەکی و فڕۆکە و درۆن پەلاماری یەکتریان دا، بەڵام دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، هەردوو وڵات گەیشتوونەتە ئاگربەستێکی تەواو و دەستبەجێ ڕاگرتنی هێرشەکان.
ئاژانسی بلومبێرگ، ڕاپۆرتێکی لە بارەی جەنگی نێوان هەردوو وڵات و ئاگربەستەکەی ترەمپ بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە، حکوومەتی نیودەلهی و زۆرینەی بەرپرسانی باڵا هیندستان بەو پۆستەی ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس کردوویەتی، نەک هەر تووشی سەرسوڕمان بوون، بەڵکو توڕەش بوون، چونکە نە ئاگاداری ئاگربەستن و نە پرسیان پێ کراوە.
بەشێک لە بەرپرسانی باڵای هیندستان نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، قسەیان بۆ بلومبێرگ کردووە کە ئەوەی توڕەی کردوون، هەر بە تەنیا قسەکانی ترەمپ نییە بۆ هیورکردنەوەی دۆخەکە، بەڵکو هاوکات لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکان بۆ بنکە سەربازییەکانی هەردوو وڵات، گفتوگۆ نهێنییەکانی بەرپرسانی هەردوو وڵاتە.
بە گوێرەی ڕابردووی ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە دوای جەنگی 1971ـەوە، ئەمە یەکەم جەنگی نێوان هەردوو وڵات هەژمار دەکرێت.
بە پێچەوانەی توڕەیی بەرپرسانی هیندستان، حکوومەت و خەڵکی پاکستان خۆشحاڵیی خۆیان دەبڕیوە بەوەی جەنگەکە زوو کۆتایی پێ هاتووە، بۆ ئەمەش لە زۆرینەی ناوچەکانی پاکستان بۆ خۆشی دەربڕین لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا ئاهەنگ دەگێڕن.