زیقار.. بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ زیاتر لە سێ هەزار کەس بریندار بوونە

تەنیا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ، زیاتر لە سێ هەزار کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە لە پارێزگای زیقار بریندار بوونە، خەڵکی زیقار دەڵێن؛ ڕووداوی هاتوچۆ هاوشێوەی کۆمەڵکوژی وایە لە شارەکەیان، هۆی سەرەکیی ڕووداوەکانیش خراپی ڕێگە، نەبوونی کامێرا لەسەر شەقامەکان و خێرایی شۆفێرانە.
هاووڵاتییەکی زیقار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "زۆریی ڕووداوەکان ڕاستە پەیوەندی بە خراپی دۆخی ڕێگەوە هەیە، بەڵام هەندێک لە شۆفێرانیش کاتێک دەچنە سەر شەقامە خێراکان، وەک ئەوە وایە سواری فڕۆکەبن ئەوەندە خێرا دەڕۆن، هەندێکیشیان خەڵکی دیکە لەگەڵیان سەرکەوتوون و نازانن ڕۆحی ئەوانیش دەخەنە مەترسییەوە، ڕەنگە بەهۆی خێرای شۆفێرێکەوە خێزانێک بێباوک بن."
هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت: یەکێک لە کێشەکان نەبوونی کامێرای چاودێری و ڕادارە لەسەر شەقامەکانی دەرەوەی شار، چونکە ئەمە وای لە شۆفێرەکان کردووە خێراییەکەیان زیاتر بێت لە 200 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
هاووڵاتییەکی دیکەش گوتی: نەبوونی هێڵکاری شەقامەکان، لایتی زینۆن و شۆفێریی منداڵان هۆی ڕووداوی هاتوچۆن.
سەلامە سەرهید، یاریدەدەری پارێزگاری زیقار، ڕایگەیاند "ژمارەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و ئەو کەسانەی بەهۆیانەوە بریندار بوون لەساڵی 2024دا گەیشتە پێنج هەزار و 600 کەس لە سەرجەم پارێزگای زیقار، لەچارەکی یەکەمی ئەمساڵیش ژمارەی ڕووداوەکان سێ هەزار ڕووداو بووە، زۆرینەشیان لە ڕێگاکانی دەرەوەی شار ڕوو دەدەن، چونکە چاڵ و چۆڵیی زۆریان تێدایە."
ڕووداوەکانی هاتوچۆ بوونەتە سەرچاوەیەکی قووڵی نیگەرانی بۆ کۆمەڵگە، هەروەها کێشەیەکیشە خەڵکی زیقاری تەواو نیگەران کردووە. ڕووداوەکان، گیانی دەیان کەسیان کێشاوە و زیانی ماددی زۆریشیان بەخەڵک گەیاندووە، هەروەها کاریگەری ڕووداوەکان لەسەر دەروونی تاکەکان دەمێنێتەوە.