توێژینەوەیەک: پیاوانی هاوسەردار سێ هێندەی ڕەبەنەکان ئەگەری قەڵەوبوونیان هەیە

ماڵپەڕی 'نیو ئەتڵەس' بڵاوی کردووەتەوە، لە توێژینەوە نوێیەکاندا دەرکەوتووە ئەو پیاوانەی هاوسەریان هەیە ئەگەری قەڵەوبوونیان سێ هێندە زیاترە لە پیاوانی ڕەبەن.

بڕیارە ئەنجامی توێژینەوەکە لە کۆنگرەی ئەورووپی بۆ قەڵەوی (ECO 2025) پێشکەش بکرێت، کە ئێستا لە ئیسپانیا بەڕێوە دەچێت، زانایانی پۆڵەندی لە ڕاپرسی تەندروستیی نیشتمانی سەیری داتای 1098 پیاو و 1307 ئافرەتیان کردووە کە تێکڕای تەمەنیان 50 ساڵە.

لە ڕووی ئامارییەوە، 35.3%یان وەک "کێشی ئاسایی" پۆلێن کراون، 38.3%یان لە ڕووی کلینیکیەوە کێشیان زیادە و 26.4%یان بە قەڵەو هەژمار کراون، بە سەیرکردنی ئەوەی کە ئایا دۆخی هاوسەرگیری، هۆشیاری تەندروستی، خەمۆکی و هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان بەشدارن لە زیادبوونی کێش یان قەڵەوی؟

 لەوبارەوە تیمێکی زانایان بە سەرۆکایەتیی ئەلیسیا چیچا میکۆلایچیک، لە دامەزراوەی نیشتمانی دڵ، ئاشکرای کرد، پیاوانی هاوسەردار بە ڕێژەی 62% مەترسی زیادبوونی کێشیان لە دوای هاوسەرگیریدا لەسەرە، لەکاتێکدا ئافرەتەکان بە ڕێژەی 39% مەترسی زیادبوونی کێشیان هەیە. بۆیە زاناکان بۆیان دەرکەوتووە پیاوانی هاوسەردار سێ هێندە زیاتر ئەگەری قەڵەوییان هەیە لە چاو پیاوانی ڕەبەن. 

ئاماژە بەوەش کراوە، چەندین هۆ هەیە بۆ قەڵەوی، وەک خراپیی خۆراک، کەمیی چالاکی، هۆکارە بۆماوەییەکان و دۆخە تەندروستییە بنەڕەتییەکان، هەروەها وەستانی سووڕی مانگانە لە ئافرەتاندا ڕۆڵیان هەیە بۆ زیاد بوونی کێش. بۆیە تیمی زاناکان هەوڵیان دا لێکۆڵینەوە لەوە بکەن کە چۆن هۆشیاریی تەندروستی کارایی و خەمۆکی و پشتگیریی کۆمەڵایەتی کاریگەرییان لەسەر گۆڕانی کێش هەیە.

توێژەران نووسیویانە "تەمەن و باری خێزانی کاریگەرییەکی حاشا هەڵنەگریان هەیە لەسەر ژیان و قەڵەوی لە تەمەنی گەورەییدا، بەبێ گوێدانە ڕەگەز." 

بەگشتی، نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان لە 28%ـی قەڵەوەکاندا دۆزراوەتەوە، کە زیاتر لە دوو هێندە زیاترە لەو ڕێژەیەی کە لە کەسانی کێشی ئاسایی بینراوە.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment