پوتن سەردانی ئێران دەکات
حکوومەتی ئێران ڕایگەیاند، ئامادەکاری دەکات بۆ پێشوازیی لە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، ئەمەش لە چوارچێوەی قووڵکردنەوەی هاوکارییە ستراتیجییەکانی نێوان دوو وڵات دێت.
دووشەممە، 12ـی ئایاری 2025، فاتیمە موهاجەرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئێران، بەم نزیکانە چاوەڕێی سەردانەکەی سەرۆک پوتن دەکات، هەروەها ئێستا کار لەسەر تەواوکردنی ڕێکخستنەکانی پێشوازیی لە شاندی باڵای ڕووسیا دەکەن."
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بە خێرایی ڕوو دەدەن، بۆیە هەماهەنگی نێوان تاران و مۆسکۆ سەبارەت بە پرسە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانیش گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوەڕاستی مانگی یەکی ئەمساڵدا سەردانی مۆسکۆی کرد و لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەی کۆ بووەوە و سەرپەرشتیی ئیمزاکردنی "ڕێککەوتنی هاوبەشی ستراتیجی هەمەلایەنەی" نێوان هەردوو وڵاتی کرد، کە پوتن لە 21ـی نیساندا بە فەرمی پەسەندی کرد.
ڕێککەوتنەکە بۆ ماوەی 20 ساڵ بەشێوەیەکی خۆکارانە درێژ دەبێتەوە، 47 بڕگە لەخۆ دەگرێت کە بریتین لە هاریکاریی بەرفراوان، دیارترینیان هاوکاریی بەرگری و سەربازی-تەکنیکی، ئاسایشی نێودەوڵەتی، بازرگانی، وزەی ئەتۆمی، چاودێریی تەندروستی، پەروەردە و گەڕان بە بۆشایی ئاسماندا.
لە یەکێک لە بڕگەکانی ڕێککەوتنەکەدا هاتووە "هیچ لایەنێک پاڵپشتیی سەربازی و ماددی پێشکەشی هیچ لایەنێک ناکات کە هێرش بکاتە سەر بەرانبەرەکەی، هاوکات دەبێت پابەندبن بە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی ئاشتیانە."