هەڵوێستی ترەمپ لەبارەی دوایین پێشهات و ڕووداوەکانی جیهان

دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە:

پرسی ئۆکرانیا و ڕووسیا

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی پێنجشەممەی داهاتوو نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا  زۆر گرنگ دەبێت و ئەنجامی باشی دەبێت. پێشبینی دەکەم ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا لە ئیستانبوڵ ئامادە بن. بیرم لەوە دەکردەوە بڕۆمە ئیستانبوڵ و بەشداری کۆبوونەوەکە بکەم، هاوکات ئەمەش ئەگەرێکی کراوەیە ئەگەر شتی باش ڕوو بدات ڕەنگە بڕۆم. 

هەروەها گوتیشی: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا کەسێکی میواندۆستە، پێشوازیی گەرم لە سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکات.

چین

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی دا، دوێنێ کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدارمان لەگەڵ چین هەبوو و زۆر دۆستانەبوو، بە شێوەیەک کە پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە بەهێزتر دەکات. هەروەها نامانەوێت زیانیان پێ بگەینین.

گوتیشی: ڕەنگە لە کۆتایی ئەم هەفتە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ شی جین پینگ سەرۆکی چین بکەم.

باسی لەوەش کرد، ڕێژەی سەپاندنی باجی گومرگی سەر چین نابێتەوە 145%, ئێمە ڕێککەوتنمان لەگەڵ ئەو وڵاتە هەیە.

هاوکات ئاماژەشی دا، چین ئامادەی پیشانداوە کە بازارەکانی بە ڕووی ئەمەریکا بکاتەوە و باجە گومرگییەکانی هەڵبگرێت.

ئێران

لەو بارەیەوە سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: شتی باش لەگەڵ ئێران ڕوو دەدەن، ڕەفتارەکانی ئێران تاوەکوو ئێستا جێگای ڕەزامەندین و بە ژیرانە و بەرپرسیارانە مامەڵە دەکەن.

هەروەها جەختیشی کردەوە، لەژێر هیچ بارودۆخێکدا نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

سووریا

لەبارەی سزاکانی سووریا ترەمپ گوتی: ڕەنگە سزاکانی سەر سووریا هەڵبگیرێن، بۆ ئەوەی دەست بە سەرەتاییەکی نوێ بکەنەوە.

ئاماژەشی دا، کە ئەردۆغانیش داوای کردبوو ئەو سزایانە هەڵبگیرێن.

ئەورووپا

دۆناڵد ترەمپ ڕاشیگەیاند، ئەورووپا بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ئەمەریکا کردووە.

هەروەها هۆشداریشی دا ئەگەر کۆمپانیایە ئەورووپییەکان داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکەن، ئەوە سزایان بەسەر دەسەپێنین.

شەڕی پاکستان و هیندستان

دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، سەرکردەکانی پاکستان و هیندستان پابەندن بە ئاگربەستەکە، هاوکات بازرگانی هۆکاری سەرەکییە بۆ وەستانی شەڕی نێوانیان. گوتیشی: ئەمەریکا رۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە وەستاندنی جەنگی ئەتۆمی.

ئاماژەشی دا، مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ هیندستان و پاکستان دەکەن.

سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی: چاودێری بارودۆغی پاکستان و هیندستان دکەین.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیسرائیل و حووسییەکان

ترەمپ گوتی: سەردانەکەم بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مێژوویی دەبێت.

هاوکات باسی لەوەش کرد، حەماس بەم نزیکانە عیدان ئەلێکساندەر ئازاد دەکات و هیواخوازیشە بارمتەی زیاتر لە غەززە ئازاد بکەین.

گوتیشی: حووسییەکانی یەمەن یەکەمجارە ئاگربەست ڕادەگەیەنن و ئیدی هێرش ناکەنە سەر کەشتییەکانی ئەمەریکا.

 
 
 
 
 
 

هاوکات بەگوێرەی میدیاکان دوای کەمێکی دیکە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەرەو سعوودییە بەڕێ دەکەوێت و گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێ دەکات.

Fly Erbil Advertisment