ئەردۆغان: بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە گرنگە

سەرۆک کۆماری تورکیا، دەڵێت: بەرپرسانی هەواڵگری و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە وردی چاودێری پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکەن بۆ ئەوەی هیچ ڕووداوێک ڕوونەدات.
دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لەمیانی پێشکەشکردنی گوتارێکدا، ئاماژەی بەوە دا: ئەمڕۆ هەنگاوێکی گرنگ لەبارەی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر نرا، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە گرنگە.
سەرۆک کۆماری تورکیا، جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە تەواویی جێبەجێ بکرێت و، سەرجەم گرووپەکانی سەر بە ڕێکخراوەکە لە عێراق، سووریا و ئەورووپاش هەڵبوەشێنەوە.
هاوکات گوتی: بەرپرسانی هەواڵگری و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە وردی چاودێری پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکەن بۆ ئەوەی هیچ ڕووداوێک ڕوونەدات.
ئەردۆغان دووپاتی کردەوە، تورکیا بە متمانەوە بەرەو ئامانجەکەی هەنگاو دەنێت، ئەویش تورکیایەکی بێ تیرۆرە.
گوتیشی: سوورین لەسەر کۆتاییهێنان بە تیرۆر و لە ڕۆژانی داهاتوودا زانیاری زیاتر لەبارەی پرۆسەکە بڵاو دەکەینەوە. سەرۆک کۆماری تورکیا، سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە پشتیوانیان لە سەرخستنی پرۆسەکە کردووە.
دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: لەژێر ڕۆشنایی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پەکەکە بڕیاری هەڵوەشانەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی دا، هەروەها بڕیاری کۆتایهێنان بە خەباتی چەکداری و هەموو ئەو چالاکییانەی دا کە بەناوی ڕێکخراوەکەوە دەکرێن.