عێراق: پشتیوانیی هەموو ئەو هەوڵانە دەکەین کە دەبنە هۆی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند: پێشوازیی لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکەین و پاڵپشتی هەموو هەوڵێک دەکەین کە ببێتە هۆی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.
دووشەممە، 12ـی ئایاری 2025، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشوازیی لە بڕیاری هەڵوەشاندنەویە پەکەکە کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئەو کارەی ڕێکخراوەکە نوێنەرایەتی دەرفەتێکی ڕاستەقینە دەکات بۆ پێشخستنی هەوڵەکانی ئاشتی و کۆتاییهێنان بەو ململانێیە درێژخایەنانەی کە دەیان ساڵە سێبەریان بەسەر گەلانی ناوچەکەدا هەیە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند: پاڵپشتیی هەموو ئەو هەوڵانە دەکەین کە دەبنە هۆی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری. هاوکات وەزارەتەکە جەخت لەسەر گرنگیی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن دەکاتەوە بۆ مەبەستی چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی لەوەش کردووە، ئەم بڕیارە بیانوو بۆ هێزی بیانی لەسەر خاکی عێراق ناهێڵێت.
لەلایەکی دیکەوە، نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕایگەیاند: بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە هەنگاوێکی دیکەیە بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتییانە.
دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: لەژێر ڕۆشنایی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پەکەکە بڕیاری هەڵوەشانەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی دا، هەروەها بڕیاری کۆتایهێنان بە خەباتی چەکداری و هەموو ئەو چالاکییانەی دا کە بەناوی ڕێکخراوەکەوە دەکرێن.